تەقەی ڕاستەوخۆی هێزی ئینتزامیی ڕێژیم لە ماشێنێك لە ورمێ ٢ قوربانیی دیکەی لێكەوتەوە.
مەئموورەكانی هێزی ئینتزامیی پاسگای ئاوایی هەشتیان لە ورمێ سەر لە بەیانیی ڕۆژی یەكشەممە تەقەیان لە ماشێنێك كرد. لەو هێرشەدا شۆفیری ماشێنەکە بە ناوی ئەركان سەعیدی لە جێدا کوژرا و كەسێكی دیكەش کە لەگەڵ ناوبراو بووە بە توندی بریندار بوو.
بەقسەی شایەتحاڵێکی ڕووداوەکە ماشێنەكە پاش وەستان و پشكنین لە ناكاو بە گومانی ئەوەی باری قاچاخی پێیە دراوەتە بەر دەستڕێژ.
كوژران و برینداربوونی ئەم دوو كەسە لە ورمێ لە حاڵێك دایە كە ڕۆژی شەممەش لە ئاوایی سنوورنشینی ئالانەش لە لایەن پاسگای سنووریی سەرمیلان تەقە لە پۆلێك كاسبكار کرا و لە ئاكامدا كەسێك بە ناوی سەلاح بۆركە، خەڵكی ئاوایی سۆغانلوو کوژرا و کاسبکارێکی دیکەش بە ناوی خورشید خوسرەوی بە توندی بریندار بوو.