ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری مەهاباد نەیهێشت دادگا بەدواداچوون بۆ پەروەندەی جەلال جەوانمەرد كە لە زینداندا بە هۆی ئەشكەنجەوە كوژرابوو، بكا.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی دێموكراسی و مافەكانی مرۆڤ لە كوردستان، پاش مردنی جەلال جەوانمەرد لە زیندانی ئیتلاعات لە ژێر ئازار و ئەشكەنجەدا، تەرمی ناوبراو بە مەرجێك بە بنەماڵەكەی درایەوە کە بڵێن کوڕەکەیان خۆی کوشتووە.
ئێشتا بە تێپەڕبوونی زیاتر لە ٢ مانگ لەم ڕووداوە، ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری مەهاباد بەنووسراوە دەزگایی قەزایی ئاگادار کردۆتەوە کە کەس مافی ئەوەی نییە بەدواداچوون بۆ پەروەندەی جەلال جەوانمەردا بكا، چونکی ئەوە بابەتێکی ئەمنیەتییە.
جەلال جەوانمەرد تەمەن ٢٦ ساڵ، ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی پووشپەڕی ساڵی ٩٥ لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد بە تۆمەتی هاوكاریكردنی حیزبی دێموکڕات دەسبەسەر كرا و پاش ٢ ڕۆژی بەردەوام لە ژێر ئەشكەنجەدا لەبەر دەستی لێكۆلەرەكانی وەزارەتی ئیتلاعات گیانی لێ ئەستێندرا.
شایانی باسە كە جەلال پێشتر پێشمەرگە و ئەندامی حیزبی دێموكرات بوو.