١١ كەس كە لە لایەن ئیتلاعات لە شاری شنۆوە دەسبەسەر كراون، چاوەڕوانی دادگایی كردنیانن.
هیندێك لەم دەسبەسەركراوانە لە قۆناخەكانی لێكۆڵینەوەدا لە ڕێگای جۆراوجۆری وەك لێدانی شۆكی بەرقی، ئێعدامی نمایشی بۆ ترساندن و تۆقاندنیان، هەڵواسین بە میچەوە بە دەست یان لاقێك و هەڵواسینی قورسایی بە باتوویانەوە ئەشكەنجە کراون.
هەواڵنێری ماف نیوز لە شاری شنۆ لە زمان بنەماڵەی ئەم دەسبەسەركراوانە دەڵێ تا ئێستا پێیان نەگوتوون كە ڕۆڵەکانیان لەسەر چی گیراون و قەرارە بازجووەکان لە دادگای شۆڕشدا حوكمیان لەسەر بدەن.
لە لایەكی دیكە بە تێپەڕبوونی چەند مانگ بەسەر دەسبەسەركرانی ئەم ١١ كەسە، تا ئێستا بنەماڵەی هیچ كامیان نەیانتوانیوە لە نزیكەوە چاویان پێیان بكەوێ.
لوقمان عەزیزی، خەلیل شاهی، سەیدنەجمەدین، وەستا زەكەریای سافكار، جەلال مەسرووریی قەرەسەقەل، كەماڵ مەسرووریی قەرەسەقەل، هیدایەت كەریمی مەلەك، دو كەسی خەڵكی میراوا بە ناوەكانی وەیسی و دڵشاد، سەید فاڕووق پایمەرد و سەلیم یارو ناوی چەند کەس لە گیراوەکانی شاری شنۆیە کە تا ئێستا ئاشکرا کراوە.
شایانی باسە هەموو ئەو کەسانە بە تۆمەتی هاوكاریكردنی حیزبە كوردییەكان دەسبەسەر و ماوەیەكی زۆر لەژێر ئازار و ئەشكەنجەدا بوون.