بەرپرسی گشتیی بەندیخانەکانی کرماشان ڕایگەیاند کە دوای لێخۆشبوونی بنەماڵەیەک لە سزادانی تاوانبارێک، حوکمی ئیعدامی ئەو تاوانبارە هەڵوەشا.
لە خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٠ی هەتاویی شەڕوتێکهەڵچوونی دوو تازە لاو لە کرماشان دەبێتە هۆی کوژرانی یەک لەوان و، دوایی تیپەڕبوونی ٥ ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوە بکوژەکە لە لایەن دادگاوە سزای ئیعدامی بەسەردا سەپا و لە دوایین ساتەکانی جێبەجێکردنی ئەم حوکمە، بە هۆی لێخۆشبوونی بنەماڵەی کوژاروەکە، لاوی تاوانبار لە مردن و پەتی سێدارە رزگاری بوو.
هەروەها لە ناوچەی دەشتی عەبباس سەر بە پارێزگای ئیلامیش، بەندکراوێکی مەحکووم بە ئیعدام دوای ١٠سال مانەوە لە زیندان بە نێوبژیوانیی چەند ڕیشسپی و خێرخوازی ئەو ناوچەیە، لە زیندان ئازاد بوو.
پەرە ئەستاندنی نەریتی لێخۆشبوون و پێشگرتن لە سزای ئیعدام چەند ساڵێکە لە کوردستان بۆتە فەرهەنگ و هەر لە مانگی رابردووشدا خەڵکی شاری رەوانسەر بە نیشانەی ئیعتراز و لە کاریکی مەدەنییانەدا نە چوون بۆ چاولێکردنی رێوەرەسمی لە سێدارەدانی تاوانبارێک، کە لە یەکیک لە قەرەباڵغترین شوێنی ئەوشارەدا لە سێدارە درا.
هەروەها لە ٢ی خەرمانان، بەدواچوون و تێکۆشانی چالاکانی مەدەنی و ئەدەبیی شاری سنە رزگاریی تاوانبارێکی لێکەوتەوە کە سزای ئیعدامی بەسەردا سەپابوو. چالاکانی فەرهەنگی و مەدەنیی کوردستان خوازیاری ئەوەن کە سزای ئیعدام لانیکەم بەسەر ئەو کەسانەی کە لە شەڕوناکۆکیی تووشی تاوانی نەخوازراو دەبن، لابچێ و سزایەیەکی دیکە جێگەی ئیعدام بگرێتەوە.