دوابەداوی پەرەسەندنی ناکۆکییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئامریکا
بەتایبەت لەسەر پرسی سووریە و گوشاری ئەمریکا بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە لە رێگەی وتووێژەوە، رێبەری کۆماری ئیسلامی لە کۆبوونەوەی فەرماندەکانی سپای پاسداراندا لە پێوەندی لەگەڵ دانوستان لەگەڵ ئامریکا دژکردەوەی نیشان دا.
عەلی خامنەیی گوتی: مقومقوی وتووێژ لە گەل ئامریکا دەبیسترێ، بەڵام دەبێ بێ متمانەیی بە ئامریکا لە نێوان خەڵک و دەوڵەتدا پەرەپێ بدرێ و ببێیتە شتێکی گرینگ؛ چونکە ئامانجی سەرەکیی ئامریکا سەبارەت بە دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئەویە ئێمە لە سووریە و لوبنان و بەحرەین بکشێینەوە.
دانپێدانی ڕێبەری نیزام لەسەر دەستێوەردان لە وڵاتانی ناوچە لە کاتێک دایە کە پێشتر هەرچەشنە دەستێوەردانێکی خۆیانیان لە کاروباری ئەو وڵاتانەدا ڕەت دەکردوە، بەڵام دوای سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆیی سووریە و کوژرانی ژمارەیەکی بەرچاو لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران لە وڵاتی سووریە، ململانێ و کیشەی کۆماری ئیسلامی لە گەڵ ولاتانی ناوچە و ئامریکا پەرەی سەند.
لەلایەکی دیکەش ئاڵۆزیی سیاسی نێوان پێوەندییەکانی ئێران و عەرەبستان کە هەرکام لەوان ئەوی دیکە بە پشتیوانی تیرۆریزم دادەنێن، شەپۆلێکی نوێ لە هەڵویست و لێدوانی شەرخوازانەی لێکەوتەوە. لەم بارەوە موحسێن رەزایی، سکرتێری کۆڕی دیاریکردنی بەرژوەندییەکانی نیزام ڕایگەیاندوە کە ئەوە درێژکردنی مەودای بڕینی مووشکەکانە ئەمنیەتی ئێمە دەپارێزی، نەک دانوستان لە گەڵ ئامریکا.
هەروەها حسێن سلامی، جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران لەقسەکانی خۆیدا لە کاناڵی خەبەر، بە توندی هێرشی کردە سەر ئەو کەسانەی کە باس لە دانوستان و وتووێژ لە گەڵ ئامریکادا دەکەن. ناوبراو هاوکات لەگەڵ رەخنەگرتن لەم بارەوە گوتی: دەبێ بێزاری لە ئامریکا لە نێوان بەرپرسانی وڵات بەتەواوی جێی خۆی بکاتەوە.
شایانی باسە پرسی سووریە، یەمەن، بەحرەین و لوبنان؛ هەروەها دروستکردنی مووشەکی باڵستیک کە گومانی ئەوەی لەسەرە بۆ هەڵگرتنی کڵاوەی ناوکی بەکەڵک دێ، بەشێک لە کێشە و خاڵە جێ ناکۆکییەکانی نیوان ئێران و ئامریکان.