شاری بۆکان بە عەمباری گەنمی کوردستان لە پارێزگای ورمێ دادەنرێ، بەڵام سەرەڕای ئەوە، ئەم شارە سیلۆی نییە.
ئیسماعیل کەریمزادە، سەرۆکی رێکخراوی جیهادی کەشاوەرزیی پارێزگای ورمێ نایشارێتەوە، کە سەدی ١٠ی بەروبوومی کشتوکاڵیی پارێزگای ورمێ لە ناوچەی بۆکان ڕەعەمەل دێ کە بایی زیاتر لە ٥٦٠ میلیارد تمەنە، بەڵام ئەو شارە لە زۆر ئیمکاناتی پێویست بۆ ئەو بەشە بێبەشە کە یەک لەوان سیلۆیەکە.
محەممەد قەسیم عوسمانی، نوێنەری بۆکان لە مەجلیس دەڵێ شاری بۆکان هەموو ساڵێ زۆرترین بەرهەمی گەنم لە پارێزگای ورمێی هەیە و بە عەمباری گەنمی پارێزگا بەناوبانگە، بەڵام بۆ خۆی سیلۆیەکی نییە. ئەو نەیگوت کە لەبەرچی دەبێ ئەو شارە بەو هەمووە زەرفییەتە لە بەرهەمهێناندا نابێ سیلۆیەکی هەبێ.
دروستکردنی سیلۆی ٧٠ هەزار تۆنیی بۆکان لە ساڵی ١٣٨٤ ەوە ڕەسمەن دەستی بەکار کردوە. ئەو پڕۆژەیە کە دەبوا لە ماوەی 5 ساڵدا تەواو ببوایە، ئێستا دوای ١١ ساڵ هێشتا چارەنووسی ناڕونە.
پڕۆژەی دروستکردنی سیلۆی شاری بۆکان تا ئێستا دوو دەوڵەتی ئەحمەدینژاد و دەوڵەتێکی حەسەن روحانیی بەسەرداهاتووە، کەچی سەرەڕای ئەوەی هەموو جارێ لە سەفەرەکانی سەرۆک کۆماری بۆ ئەو پارێزگایە هاتۆتەو بەرباس، بەڵام دوای ١١ ساڵ هێشتا تەواو نەکراوە.
شایانی باسە پڕۆژەیەک کە دەبوا لە ماوەی ٥ ساڵدا تەواو ببوایە، ئێستا ڕوون نییە کە دەبێ چەند سەرکۆماری لەو وڵاتە بێن و بڕۆن هەتا سیلۆی شاری بۆکان بکەوێتە گەڕ.