وەزیری ڕێگەوبانی ئێران دەڵێ، ئاکامی هەموو وتوێژەكانی كڕینی فڕۆكە لە شیركەتە بیانییەكان پێوەندیی بە بڕیاری خەزێنەداریی ئامریكاوە هەیە.
عەباس ئاخوندی، وەزیری ڕێگا و شارسازیی ئێران دەڵێ هەموو گرێكوێرەكانی پێدانی مۆڵەتی كڕینی فڕۆكە لەلای دەفتەری كۆنتڕۆڵی داراییە بیانییەكانی ئامریكایە و ئیدارەی گشتیی خەزێنەداریی ئامریكا دەبێ ئەو بەربەستانە لابەرێ.
دوای ڕێككەوتنی ناوكی و هەڵوەشاندنەوەی زۆربەی گەمارۆ ئابوورییەكانی دژی ئێران، ئەم وڵاتە بە تەمایە ٢٠٠ فڕۆكە مسافیرهەڵگر بۆ نۆژەنكردنەوەی ناوگانی ئاسمانییە كۆن و لەکارکەوتووەکەی بكرێ، بەڵام تا ئێستا کۆسپە قانوونییەکانی تێنەپەڕاندوە.
ئێران ئێستاش لەسەر كڕینی فڕۆكەی مسافیرهەڵگر لە دوو گەورە شیركەتی فڕۆكەسازیی ئایرباس و بۆئینگ بە بڕی ٥٠ میلیارد دۆلار سوورە. ئاخوندی، وەزیری ڕێگا و شارسازیی ئێران دەڵێ، وتووێژەکان لەمبارەیەوە تا ئێستا بە باشی چونەتەت،ە پێش بەڵام دەفتەری كۆنتڕۆڵی داراییە بیانییەكانی ئامریكا كۆسپی خستۆتە سەر ئەم مامەڵەیە.