عەلی خامنەیی، ڕێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران لە بڕیارێكدا كە ڕۆژی ڕابردوو لە سایتی ڕەسمیی خۆیدا بڵاوكرایەوە، دووچەرخەلێخوڕینی بۆ ژنان لە شوێنە گشتییەكاندا بە حەرام زانیوە.
خامنەیی دەڵێ دووچەرخەلێخوڕینی ژنان لە شوێنە گشتییەكاندا لە شوێنێك كە چاوی نامەحرەمی لێبێ حەرامە، چونکی دەبێتە هۆی ورووژاندنی پیاوان.
نزیك بە سێ حەوتوو لەوەپێش شەهێندوخت مەولاوێردی، جێگری سەرۆک کۆماری ئێران بۆ كاروباری ژنان و خێزان لە توئیتێری خۆیدا نووسیبووی، بەپیی ڕاگەیەندراوی ڕەسمیی دەفتەری خامنەیی دووچەرخەلێخوڕینی ژنان بە لەبەرچاوگرتنی ڕێوشوێنەكانی شەرع ئازادە.
لە كاردانەوە بەم توئیتە، نزیك بە حەوتوویەك لەوەپێش هەواڵدەریی فارس وەڵامی دەفتەری عەلی خامنەیی دایەوە و تەنانەت خستییە ڕاپرسییەوە.
لە وەڵامی دەفتەری خامنەیی بە هەواڵدەریی فارسدا هاتووە كە دوچەرخەسواریی ژنان لە شوێنە گشتییەكان حەرامە و دەبێتەی هۆی ڕاكێشانی نەزەری پیاوان بۆ لای خۆیان و بەوەش كۆمەڵگە تووشی گەندەڵی دەبێ، بۆیە پێویستە نەبێ بەڵام لە شوێنێك كە نامەرحەرمی لێنەبوو كێشە نییە.
نزیك بە مانگێك لەوەپێش لە شاری مەریوان دووچەرخەسواریی ژنان لە لایەن هێزی ئینتزامییەوە قەدەغە كرا و ئەوە ماوەیەكی باش لە میدیاكاندا ڕەنگدانەوەی هەبوو و ئێستاش دیسان سەری هەڵداوەتەوە.
لە ناڕەزایەتی بەم هەڵسوكەوتانە، كۆمەڵێك وێنە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكرایەوە كە تێیدا ژن و پیاو بە دووچەرخەوە و بە هەڵگرتنی پلاكاردی “بەڵی بۆ دووچەخەسواری لە لایەن ژنانەوە” هاتنە سەرشەقامەكان.
شایانی باسە سەرەڕای ئەو کۆسپ و سنووردارکردنانە لە ئێران هیچ قانوونێك نییە كە بەڕاشكاوی ئەو کارە لە ژنان قەدەغە بكا، بەڵام کە فتوای خامنەیی هاتە گۆڕێ، قانوونەکان بستێک بڕ ناکەن.