سەرلەشكر ناسر تاهیری، جێگری ستادی ئەرتەشی یەمەن ڕایگەیاند كە بارێكی چەكۆچۆڵی ئێران كە بۆ حوسییەكانی دەنارد، لە سنوورە ئاوییەكانی وڵاتەكەی دەستی بەسەرداگیرا.
ئەمە یەكەم جار نییە كە كاربەدەستانی نیزامی و سیاسیی یەمەن دەست بە باری چەكۆچۆڵی كۆماری ئیسلامی دادەگرن، بەڵكوو تەنانەت ئامریكاش تا ئێستا چەند باری چەكۆچۆڵی كۆماری ئیسلامیی گرتوە كە بۆ توندئاژۆ ئیسلامییەكانی یەمەنی ناردوە.
جۆن كێری، وەزیری دەرەوەی ئامریكا ڕۆژی هەینی گوتبووی ئێران لە ناردنی چەكوچۆڵ بۆ میلیشیاکانی حووسی لە یەمەن دەست هەڵناگرێ.
لە هەمان حاڵدا محەممەد عەلی فەلەكی یەكێك لە فەرماندەكانی سپاس پاسدارانی ئێران لە سەرەتا مانگی ئۆتدا گوتی، ئەرتەشی ئازادیبەخشی شیعەیان بە فەرماندەیی قاسم سلێمانی پێك هێناوە کە ئێستا لە ئەرتەشی عێراق و سووریە و یەمەن شەڕ دەكەن.
كارناسانی بواری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەڵێن، پێكهێنانی گرووپ و تاقمە شیعەكان لەم ناوچەیەدا بە مەبەستی خۆشكردنی ئاگری مەزهەبییە و ئەمە یەكێك لە بەرنامە درێژخایەنەكانی كۆماری ئیسلامیی هەبووە و هەیە.
لە لایەكی دیكە عەبدولملک ئەلمخلافی، وەزیری دەرەوەی یەمەن لە كۆبوونەوەی وڵاتانی ” نادەروەست”دا پێداگریی كردەوە كە ئێران ئێستاش لە دەستێوەردان لە كاروباری وڵاتەكەی بەردەوامە.
كاربەدەستانی نیزامیی ئێران و ڕاگەیەنەكانی ئەم وڵاتە، چەندین جار ڕایانگەیاندوە كە پشتیوانی لە شیعەكانی یەمەن دەكەن و ئەوە بە ئەرکی خۆیان دەزانن.