رۆز گاتە مولێر، بریکاری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری چاوەدێری چەکوچۆڵ و ئەمنیەتی نێونەتەوەیی دەڵێ تاقیکارییە موشەکییەکانی وڵاتی ئێران جێی نیگەرانین.
ئەو وێڕای ڕاگەیاندنی ئەو هەواڵە گوتی تاقیکاریی موشەکیی ئێران جیا لە بەرنامەی ئەتومیی ئەو وڵاتەیە.
ئەو کە لە کۆبوونەوەی بنیاتی کارێنگیدا و لە پێوەندی لەگەڵ داهاتووی چاوەدێریی چەکوچۆڵ و سەقامگیریی ئیستراتیژیکدا قسەی دەکرد، گوتی رێککەوتنی ئەتومی لەگەڵ ئێران هەنگاوێکی گرینگە بەڵام هەموو شتێک نییە و هەوڵەکانی ئێران بۆ دەسڕاگەیشتن بە چەکوچۆڵی پێشکەوتوو سنووردار ناکا.
بریکاری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی تاقیکاریی موشەکە بالستیکەکانی ئێران گوتی ناتوانین حاشا لە نیگەرانییەکانی خۆمان بکەین، چونکی توانای مەودابڕینی ئەو موشەکانە دەتوانێ هەڕەشە بۆ سەر هاوپەیمانەکانمان لە ناوچە و ئورووپا بێ.