تۆپخانەکانی ئێران، جارێکی دیکە تۆپبارانی خاکی هەرێمی کوردستانیان کردوە.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە ٢٧ی خەرمانان، تۆپخانەکانی ئێران دەستیان کردەوە بە ئاگربارانی ناوچە سنوورییەکانی بناری هەڵگورد.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆمیتەی سەرسنووری حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سەعاتەکانی یەکەمی تۆپبارانەکەدا، ناوچەکانی بەربەزین، گەرووی سینگان، بێرکم و سەقەری خوارێ ئامانجی تۆپبارانەکە بوون.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە هاوڕێیان و دۆستانمان لە داوێنەکانی هەڵگوردەوە بە ناوەندی هەواڵی کوردستان وکورد گەیشتوون، هەر ئێستا (کاتژمێر ١١- ١١:٣٠ی پێشنیوەڕۆ) گەرووی زینێ، گۆشینە و حەساری ڕۆستێ لە ژێر ئاگرباران دان.
ئەم ئاگربارانە جگە لە تێکدانی ڕەوتی ئاسایی خەڵکی زەحمەتکێشی ئەو ناوچانە، سووتانی لێڕەوار و زیان گەیاندن بە مووچە و مەزرای خەڵکی دەڤەرەکەشی لێکەوتووەتەوە.