کۆڵبەرێکی دیکە ناوچەی پیرانشار بە هۆی تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم گیانی لە دەست دا.
بە گوێرەی هەواڵێک کە لە کۆمیتەی سەر سنووری حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە بە ناوەندی هەواڵی “کوردستان و کورد” گەیشتوە، ئێوارەی هەینی ٢٦ی خەرمانان، لە سنووری ناوچەی پیرانشار جارێکی دیکە کۆڵبەران و کاسبکاران کەوتنە بەر دەسڕێژی چەکدارەکانی جێگیر لە پێگەی خۆڵبەسەر لە نزیک چێغی دەرێ.
بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی لەو پێگەیەڕا بە دۆشکە تەقەیان لە کۆڵبەران و کاروانچییەکان کرد و بە هۆی ئەو دەستڕێژانە جگە لە کوژران و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر لە ئەسپی کاسبکاران، دوو کەس بە ناوەکانی سەلاح بۆرەکە، خەڵکی سۆغانلووی پیرانشار و خوسرەو بایەزیدی بە توندی بریندار بوون. کاسبکاران و کۆڵبەرانی هاوڕیی سەلاح، هەوڵیان دا سەلاح بگەیەننە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام بە داخەوە بەر لەوەی بگاتە نەخۆشخانە، گیانی لە دەست دا. سەلاح کە خاوەنی ژن و منداڵە و نزیکەی 35 ساڵ تەمەنیەتی، بوو بە یەکێکی دیکە لەو سەدان کۆڵبەر و زەحمەتکێشەی ساڵانە بە هۆی تەقەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی دەکوژرێن و بریندار دەبن.
ناوەندی هەواڵی کوردستان وکورد وێرای مەحکوومکردنی نوێترین تاوان و جینایەتی بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە کاسبکارانی زەحمەتکێشی کوردستان، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی سەلاح بۆرەکە دەکا و خۆی بە هاوبەشی خەیان دەزانێ.