بنەماڵەی مەریوان عەبدولكەریم ڕەزا، ناسراو بە مەریوان كەركووكی كە حوكمی 33 ساڵی زیندانی تەعزیریی بەسەردا سەپاوە، لە ڕەنجنامەیەکدا دەڵێن ناوبراو لە تەمەنی١٦ ساڵییەوە بە مەبەستی چوون بۆ ئورووپا لە ڕێگەی ئێرانەوە بە تاوانی مانەوەی ناقانوونی لە ئێران گیراوە و دوایە لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە پەرەوەندی لە دژی دروست کراوە.
لەم ڕەنجنامەیەدا هاتووە كە ناوبراو لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەكانەوە ئازار و ئەشكەنجە دراوە و چەندین مانگ لە ژووری ئینفرادیدا بووە؛ هەروەها پارێزەری نەبووە و تەنانەت ئیزنیان نەداوە پێوەندی بە باڵوێزخانەی وڵاتەكەی لە ئێران بكا.
مەریوان كەركووكی، لە دایكبووی ساڵی ١٣٦٧، خەڵكی شاری كەركووكی هەرێمی كوردستانە و ئێستا لە بەندیخانەی ڕەجایی شاری كەرەجدا بەندکراوە. ئەو ماوەی٩٩ مانگ لە ژووری ئینفرادیی گرتنگەی وەزارەتی ئیتلاعات لە بەندی ٢٠٩ی ئێڤیندا بووە و بە تۆمەتی شەڕ لەگەڵ خودا حوكمی ٣٣ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپاندوە.
یەكێك لە خزمانی ناوبراو دەڵێ ئێستاشی لەگەڵ بێ ڕوون نییە دادگای شۆڕش لەسەر چ بنەمایەك حوكمی شەڕ لەگەڵ خودای بەسەردا سەپاندوە، لە حاڵێکدا ئەو ئاوارەیەک بووە و هیچ چەكیشی پێنەبووە.
لەم نامەیەدا هاتووە مەریوان باوكی و مامی لە ئەنفالی ساڵی١٩٨٨ لە لایەن ڕێژیمی سەدام حوسێنەوە كوژراون و دایكیشی بە هۆی نەخۆشی و نەبوونی ئیمكاناتی پزیشكی ساڵی ١٩٩٥ كۆچی دوایی كردوە. مەریوان دوایە چۆتە ئێران و لەوێوە هەوڵی داوە بچێ بۆ ئورووپا، بەڵام بە هۆی تێچووی زۆری ڕێگا ناتوانێ بڕوا و بە ناچار لە شاری تاران خەریكی كار و كاسبی دەبێ.
لەو نامەیەدا هاتووە مەریوان كاتێك لە ئێران خەریكی كار بووە، واتە ساڵی ٩١ لەلایەن پۆلیس و لیباس شەخسییەكانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە بە تاوانی نێشتەجێبوونی ناقانوونی دەسبەسەر كراوە، کەچی پاشان بە بڕیاری قازی مەقیسە و بێ ئەوەی مافی گرتنی پارێزەری هەبێ، سزای ٣٣ ساڵ و ٣ مانگ زیندانیی بەسەردا سەپاوە.