كرێكارانی كەشت و سەنعەتی مەهاباد دەڵێن لە حاڵێكدا كەمتر لە حەوتوویەك بۆ دەسپێكی خوێندنی ساڵی نوێ نەماوە، کەچی هێشتا ئەوان چارەنووسی کار و مووچەکانیان ڕوون نەکراوەتەوە. ئەوان دەڵێن بۆ دابینکردنی ئیمکاناتی خوێندنی منداڵەکانیان لە تەنگانەدان.
كۆمەڵێك لە كرێكارانی ئەم شیركەتە دەڵێن کارفەرمای شیرکەتی کەشت و سەنعەت ڕۆژی سێشەممەی حەوتووی ڕابردوو لەگەڵ كۆمەڵێك لە كرێكاران كۆبۆتەوە و زارەکی پێی گوتون کە مووچەكانیان دەدرێتێم بەڵام كاتێكی دیاری بۆ ئەوە دیاری نەکراون.
كرێكارانی شیركەتی كەشت و سەنعەتی مەهاباد زیاتر لە ١٠٠ كەسن کە وەک خۆیان دەڵێن هێندیكمان ماوەی ساڵێكە مووچەیان نەدراوەتێ. ئەم كرێكارانە دەڵێن لە ماوەی ئەم یەك ساڵەدا لەلایەن شیرکەتەوە تەنیا بڕێكی كەمیان وەك عەلەلحیساب پێداون كە بۆ ژیانی ڕۆژانەیان وەڵامدەر نەبووە.
بەپێی كۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممە یەكێك لە نیگەرانییەكانی ئەم كرێكارانە نزیكبوونەوەی دەسپێكی كرانەوەی قوتابخانەكانە كە نەتوانن كەلوپەلی خوێندن بۆ منداڵەكانیان دابین بكەن.
كرێكارانی شیركەتی كەشت و سەنعەتی مەهاباد دەڵێن، بە تێپەڕبوونی ٤ ڕۆژ لە كۆبوونەوەكە هێشتا هیچ خەبەرێك لە پێدانی مووچەی دواكەوتووی ئەم كرێكارانە نییە و ئەمە لە حاڵێكدایە كە كەمتر لە یەك حەوتووی دیکە وەرزی نوێی خوێندن دەست پێدەکا.