یەكیەتیی ئورووپا لە بەیاننامەیەكدا داوای لە كۆماری ئیسلامیی ئێران كردوە زانیاریی ورد لە بابەت دروستكردنی کەرەستەکانی سانتریفیوژەكانی لەبەر دەست ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیدا دابنێ.
ئەم بەیاننامەیە لە بەرەبەری كۆبوونەوەی حەوتووی داهاتووی شوڕای بڕیاردەرانی ئاژانس بڵاوكراوەتەوە.
لەم كۆبوونەوەیەدا قەرارە ڕاپۆرتی نزیك بە ١٠ ڕۆژ پێشی یوكیو ئامانۆ، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانس لەبارەی دەسپێكی دروستكردنی لوولەی رۆتۆر بۆ ماشێنی سانتریفیوژەكان بە مەبەستی پیتاندنی ئورانیوم لە لایەن ئێرانەوە بخرێتە بەرباس.
یەكیەتیی ئورووپا داوای لە كۆماری ئیسلامیی ئێران كردوە كە بە تەواوی هاوكاریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بكا تا ئاژانسیش ڕاپۆرتێكی ورد و هەمە لایەنە بە ئەم ٣٥ وڵاتەی ئەندامی شورا بدا.
سانتریفیوژەكان كاری پیتاندنی ئورانیومی نەپیتێندراو بە پێویست بۆ دروستكردنی چەكی ئەتۆمی بەرز دەكەنەوە. ئێران ٥هەزار و ٦٠٠ دەزگای پیتاندنی ئورانیومی هەیە كە بەپێی بەرنامەی گشتگیری هاوبەش، بەرجام، تەنیا دەتوانێ تا ئاستی سەدی ٧/٣ ئورانیوم بپیتێنێ.
ئاسۆشیتێدپرێس دەڵێ ئاژانس دەبێ چاودێریی ئێران بكا و بزانێ چەند لوولەی ڕۆتۆری دروست كردوە و بۆ كام مۆدێلی سانتریفیوژەكان دەبێ.
هەروەها لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە هەر چەشنە بەرهەمهێنانێكی زیادەی لوولەكانی ڕۆتۆر دەتوانێ نیشانەی ئەگەری گەشەپێدانی سانترفیوژەكان بۆ دروستكردنی چەكی ناوكی بێ كە ئەوەش دەتوانێ نیشانەی لادانی ئێران لە رێککەوتنەکانی پێشووی بێ.