ڕۆژنامەی عەرەب کە لە لەندەن دەردەچێ، لە ڕاپۆرتێکدا ڕووماڵی چالاکیی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکڕات لەو ماوەیەی کردوە و دەڵێ گۆپاڵە ئەستوورەكەی ئێران دژ بە کەمینەی كورد لەو وڵاتە رێگری لە بەردەوامیی عەمەلیاتەکانی پێشمەرگەكانی حیزبی دێموکڕات نەکردوە.
لەو ڕاپۆرتەدا بە ئاماژە بە شەڕ و تێکهەڵچوونەکەی ئەم ماوەیەی دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە ناوچەی سەردەشت باس لەوە کراوە کە ئێران لە هەموو کاتێکدا کە شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی خۆی و پێشمەرگەدا روو دەدا، لە بەرانبەر ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی سوپای پاسداران بێدەنگە دەکا و هەواڵەکان چەواشە دەکا.
رۆژنامەی عەرەب لە زمان مەولود سوارە، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە نوسیویەتی کە چالاکی چەکداریی دژ بە رێژێمی ئێران درێژە دەبێ و ئەوەش بەشێکی جیانەکراوەیە لە خەباتی کورد بۆ وەدەستهێنانی مافەکانیانە.
مەولود سوارە دەڵێ: ئێمە وەک گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی لە ژێر دەسەڵاتی رێژێمی ئێراندا لە هەموو بوارەکانی سیاسی، ئابووری، رۆشنبیری و کۆمەڵایەتیدا مافەکانمان پشتگوێ خراوە.
ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەڵێ لەگەڵ هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی پرسی کورد لە ئێران کراوەتە پرسێکی ئەمنیەتی، بۆیە ئێستاش ڕێژیم هەڵسوکەوتی چەکداری لەگەڵ پرسی کوردی لە چارەسەری سیاسیی ئەو پرسە پێ باشترە.
مەولوود سوارە لە درێژەی وتووێژەکە لەگەڵ ئەو ڕۆژنامەیە و لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا دەڵێ حکومەتی ئێران پارادۆکس لە هەڵوێستەکانیدا هەیە، لە کاتێکدا بۆ خۆی سیاسەتی پاکتاوی نەژادی دژی کەمایەتیەکان پیادە دەکا، لەلایەکی دیکەشەوە بە بیانووی بەرگری لە زولملێکراوان دەست لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە وەردەدا.
مەولوود سوارە لەبارەی بەردەوامیی چالاکیی پێشمەرگانە لەلایەن حیزبی دێموکڕاتی کوردستان دەڵێ: ئێمە ئاگربەستمان لەگەڵ رێژێمی ئێران رانەگەیاندوە تا بڵێین کە ئەو جوڵانەوانەی ئەم دواییانە کاتییە. نەخێر، ئێمە رووبەڕووی سیاسەتەکانی رێژێم بە هەموو شێوەکانی دەبینەوە و لە بەرکارهێنانی هێز تا گەیشتن بە مافە رەواکانمان بەردەوام دەبین.
شایانی باسە کە رۆژنامەی عەرەب، یەکەم رۆژنامەی عەرەبی رۆژانەیە کە لە ساڵی ۱۹۷۷ لە لەندەن دامەزراوە.