ڕۆژانە لە ئاستی ئێراندا لانیكەم ١٠ كەس بە هۆی زۆر بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر دەمرن و ئەوەش تێچووی پزیشكی لە ئێرانی تا ڕادەیەكی زۆر بەرز كردۆتەوە.
عەلی مۆئەیدی، جیگری سكرتێری گشتیی ستادی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر وێڕای ئاماژە بەوەی كە بەكارهێنانی مواد بە چوارەمین هۆكاری مردن لە ئێران پاش ڕووداوی هاتوچۆ، جەڵدەی دڵ و سووتان داەنرێ، گوتی بە شێوەی مام ناوەندی ڕۆژانە لانیكەم ١٠ كەس لە ئێران بە هۆی مادەی هۆشبەرەوە دەمرن.
ناوبراو گوتی لەبواری كۆمەڵایەتیشدا پێوەندیی ڕاستەوخۆ لە نێوان ماددەی هۆشبەر و پەرەسەندنی تاوان و هەروەها بەرزبوونەوەی ئاستی بەندكراوان لە ئێراندا هەیە.
ناوبراو پشتڕاستی كردوەوە كە بەپێی بەڵگە و ئامارەکان سیستمی مادەی هۆشبەر و قاچاخكردنی، وەك سیستمێكی چالاك و زیرەك توانیویەتی كاریگەریی لەسەر هەموو تەمەنەکان، ئاستی خوێندنەکان، شوغڵە جیاجیاكان، ڕەگەز، خێراندار، سەڵت، توێژی ئابووری و كۆمەڵایەتی، شار و دێهاتدا هەبێ.
مۆئەیدی هەروەها گوتی بەپێی هەڵسەنگاندنەكان، سەدا ٩٢ی خەڵک نیگەرانیی زۆریان لە مەترسییەکانی مادەی هۆشبەر هەیە.