لە حاڵێكدا بەڕێوەبەری گشتیی تەعاون، كار و خۆشبژێویی كۆمەڵایەتیی سنە حاشای لە گەندەڵی لەو تەعاونییەکانی سنوور لە پارێزگای سنەدا کردوە، بریکاری فەرماندەی پۆلیس ئاگاهیی سنە ڕایگەیاند كە پەروەندەی ڕاكردن لە ماڵیانی ئەو تەعاونییانە بۆ دەزگای قەزایی نێردراوە.
عەلیڕەزا مردای ئاشکرای کرد کە تاوانبارانی سەرەكیی ئەو پەروەندەیە كەسانێكن كە لە كوردستان نین و بە بەكارهێنانی كارتی بازرگانیی سنوورنشینەكان بازرگانییان كردوە و ماڵیاتیشیان نەداوە.
تەعاونییەكانی سنوورنشین نزیك بە ١٠ ساڵ دەبێ بە مەبەستی ڕێكخستنی كۆڵبەران دەفتەرچە و كارتی هاتوچۆی بۆ زیاتر لە ١٢ هەزار كەس دەرهێناوە.
دەرهێنان و پێدانی ئەم كارتانە لە پاوانی سپای پاسداران دایە و كۆڵبەران بۆ وەرگرتنی كارت دەبێ هەلومەرجی تایبەتیان هەبێ. كۆڵبەر بۆ وەرگرتنی دەفتەرچە دەبێ سەربازیی كردبێ، سەرپەرستی بنەماڵە بێ و لە دەرووبەری ١٥ كیلۆمیتریی سنوورەكان نیشتەجێ بێ، بەڵام هەر ئەم كۆڵبەرانە دەڵێن دابەشكردنی ئەم كارتانە عادڵانە نەبووە و ئەوان ناچارن بۆ بژیوی ژیانیان دەفتەرچە لە خەڵكی دیكە بە كرێ بگرن.
ئەوان دەڵێن ئەو کارتانە دەبێ بە کۆڵبەران بدرێن، بەڵام کۆڵبەرە ڕاستەقینەکان کەمترین کارتیان پێبراوە.
بەپێی ڕاپۆرتەكانی سەدی٦٠ بۆ ٧٠ی داهاتی كۆڵبەران بەم دەفتەرچانە بۆ خاوەنی کارتەکان دەگەڕێتەوە و پشكی كۆڵبەران لە باشترین كاتدا سەدی ٤٠ بووە و قازانجی سەرەكیشی بۆ خاوەن دەفتەرچەكانە كە زیاتر ئەو بازرگانە غەیرە کوردانەن کە لە دەروەی کوردستان سپا کارتی کۆڵبەرییان دەداتێ.