ئێران و بریتانیا دوو وڵاتی خاوەن بەش لە مەیدانی گازیی “ڕام” لە سکاتلەند، بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران تا ئێستاش نەیتوانیوە بەشە داهاتی خۆی لەو شیرکەتە وەرگرێ.
بەپێی ڕێكەوتنی نێوان محەممەدڕەزا پەهلەوی و بەریتانیا، دوو وڵات خاوەنی نیوەی بەرهەمەكانی مەیدانی گازی “ڕام”ن.
عەلی كاردەر، جێگری وەزیری نەوتی ئێران و بەڕێوەبەری گشتیی شیركەتی میللی نەوتی ئێران دەڵێ بریتانیا پارەی پشكی ئێران لە بەرهەمەكانی مەیدانی گازیی ڕامی لە حیسابی شیركەتی نەوتی ئێران كردوە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە ئێران ناتوانێ دەستی بەو پووڵە ڕابگا.
كاردەر بە هەواڵدەریی مێهری گوت لە هەلومەرجی ئێستادا ئەم سەرچاوە ماڵییە لە حسێبی شیركەتی میللی نەوت لە بریتانیادا هەیە، بەڵام تا ئێشتا ئێران نەیتوانیوە دەست بۆ ئەم پووڵە بەرین.
ئەو بایەخی ئەم بەشە لە سامانەكانی ئێران لە بانکەکانی بریتانیای ئاشکرا نەکرد كە کۆماری ئیسلامی ناتوانێ بۆ نێوخۆیان ڕاگوێزێ، ئەوە لە حاڵێکدایە کە دوای دانوستانی ئەتومی و ڕێککەوتنەکان قەرار بوو پشکی ئێران لەو شیرکەتە بدرێتەوە ئەو وڵاتە.
ڕام مەیدانێكی گازیی بچووكە كە پێش شۆڕشی گەلانی ئێران بە سەرمایەی هاوبەشی ئێران و بریتانیا گەشەی پێدرا. ئەم مەیدانە گازییە لە ٤٠٠ كیلۆمیتریی شاری ئەبرەدین لە كەنارەکانی سكاتلەند لە دەریای شیمال هەڵكەوتووە.
مەیدانی گازیی ڕام سەدی 5ی گازی بریتانیا دابین دەكا.