لەگەڵ ئەوەی چەند ڕۆژێکی دی ساڵی نوێی خوێندن دەست پێدەکا، بەڵام بازاڕی فرۆشتنی کەلوپەلی قوتابخانەکان سارد و کزە.
سەرۆکی یەکیەتیی کتێب فرۆشییەکانی کرماشان بە ئاماژە بە سارد و کزیی بازاڕی فرۆشی قەڵەم و دەفتەر و کەلوپەلەکانی قوتابخانە دەڵێ چەند ڕۆژێکی دیکە ساڵی نوێی خوێندن دەست پێدەکا، بەڵام ئەو بازارە سارد و بێ سەودایە.
جەواد موعینی، سەرۆکی یەکیەتیی کتێب فرۆشییەکانی کرماشان دەڵێ هۆکاری ئەوە بۆ نەبوونی پووڵ لە دەستی گیرفانی خەڵکدا دەگەڕێتەوە و لەگەڵ ئەوەی نرخەکانیش لە چاو ساڵی ڕابردوو کەم و زیادیان نەکردوە، بەو حاڵەش خەڵکێکی زۆر توانای کڕینی نوێی ئەم کەلوپەلانەیان نییە.
جەوام موعینی دەڵێ ئەگەرچی بەپێی قانوون دوکاندارەکان دەتوانن سەدی ١٥ بۆ هەر کاڵایەک قازانج لەسەر نرخەکانیان دابنێن، بەڵام لەگەڵ ئەوەی قازانجی کەلوپەلەکانی قوتابخانە بۆ ئەو دوکاندارانە لە سەدی ٥ کەمتریشە بەڵام هێشتا بازاڕیان نییە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئەو جۆرە دوکان و شوێنانە کە قەڵەم و دەفتەر و کەلوپەلی دیکەی خوێندن دەفرۆشن لە هەموو ماوەی هاویندا بێ داهات بوون و چاویان لەو یەک مانگەی پێش خوێندن و سەرەتای ساڵی خوێندنە.