سه‌رۆكی پۆلیسی ڕێگه‌وبانی ئێران ڕایگه‌یاند كه له ماوه‌ی ٣ حه‌وتووی ڕابردوودا، واتە لە ماوەی ٢٠ ڕۆژی مانگی خه‌رماناندا ٣٨٠ كه‌س لە ئێران به هۆی ڕووداوی هاتوچۆ كوژراون و ٤ هه‌زار و ٦٠٠ كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون.
محه‌ممه‌دحوسێن حه‌میدی ڕۆژی دووشه‌ممه ڕایگه‌یاند كوژرانی خەڵک به هۆی ڕووداوی هاتوچۆ له جاده‌كاندا لە چاو ماوەی هاوشێوە لە ساڵی ڕابردوو هێشتا سه‌دی ١٠ کەمتر بووە.
به‌پێی لێكدانه‌وه‌ی كارناسانی بواری ڕووداوه‌كانی هاتوچۆ، دوو هۆكاری “وه‌رگه‌ڕان” و “لادان بۆ لای چه‌پ” كه به هۆی خه‌واڵبوون، چاو له‌پێش خۆنه‌كردن و هه‌روه‌ها وەپێشكه‌وتنی نابەجێ ڕووده‌ده‌ن، له گرینگ‌ترین هۆكاره‌كانی ڕووداوی هاتوچۆ له‌م سێ حه‌وتوویه‌دا بووه.
مانگی خه‌رمانان كه كۆتایی سه‌فه‌ره هاوینیه‌كانی خه‌ڵكی ئێرانە و هه‌روه‌ها لە نه‌ورۆز و سه‌ری ساڵ، سه‌فه‌ره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی شار ترافیك ده‌خاته سه‌ر جاده‌كان و به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو ڕووداوه‌كانیش زیاد دەبن.
به‌پێی ئاماره‌كان، به‌شێوه‌ی مام ناوه‌ندی ساڵانه نزیك به 17 هه‌زار کەس لە ئێران به هۆی ڕووداوه‌كانی هاتوچۆوه دەمرن و دەیان هەزار کەسیش بریندار یان نقوستان دەبن.