له حاڵێكدا جێگری یه‌كه‌می سه‌ركۆماری ئێران تێچووی دروستكردنی دوو یه‌كه‌ی نیروگای بوشێهری ٨ میلیارد دۆلار و ٥٠٠ میلیون دۆلار ڕاگه‌یاندبوو، سه‌رچاوەکانی هەواڵ لە رووسیه ئه‌م ڕه‌قه‌مه‌یان ١٠ میلیارد دۆلار ڕاگه‌یاندوه. ئەوان هەروەها دەڵێن تەواوکردنی ئەو دوو پڕۆژەیە ١٠ ساڵ ده‌كێشێ.
ئیسحاق جیهانگیری، جێگری یه‌كه‌می سه‌ركۆماری ئێران له ڕێوڕه‌سمی ده‌سپێكی عه‌مه‌لیاتی جێبه‌جێكردنی په‌ره‌پێدانی نیروگای بوشێهردا گوتی، دروستكردنی دوو یه‌كه‌ی نوێی نیروگا به تێچووی ٨ میلیارد دۆلار و ٥٠٠ میلیون دۆلار بە کۆمپانیای دەوڵەتیی فیدراڵ ڕووس سپێردراوه.
هه‌واڵده‌ریی ڕووسی”سپۆتینك” له ڕاپۆراتێكدا كه ڕۆژی دووشه‌ممه بڵاوكرایه‌وه نووسیویەتی، تێچووی دروستكردنی دوو بەشەی نیروگای بوشێهر ١٠ میلیارد دۆلار مه‌زنده كراوه.
به‌پێی ئه‌م ڕاپۆرته، كاربه‌ده‌ستێكی پله‌به‌رزی شیركه‌تی “ئه‌تۆم سترۆی ئێكسپۆرت”، کارفەرمای سه‌ره‌كیی ناوەندی ئەتومیی بوشێهر گوتبووی كه دروستكردنی یه‌كه‌ی دووهه‌می ئه‌م نیروگایه تا كۆتایی ساڵی ٢٠١٦ به مه‌رجێك بواری ماڵیی بۆ ته‌رخان بكرێ ده‌ست به كاره‌كانی ده‌كا.
شایانی باسە تا ئێستا كاربه‌ده‌ستانی ئێران له‌باره‌ی جیاوازیی ئاماریی ئەو یه‌ك میلیارد و ٥٠٠ میلیون دۆلارەی تێچووی ئه‌م پڕۆژەیەیە و لە زمان كاربه‌ده‌ستانی ڕووسیەوە ئاشکرا کراوە، هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.