دایە ئامینە کەریمی، هاوسەری شەهید عوسمان فەلاحزادە و دایکی شەهیدان کەماڵ فەلاحزادە و ڕەزگار فەلاحزادە بەهۆی پیری و نەخۆشی لە مەهاباد کۆچی دوایی کرد.
دایە ئامینە یەک لەو ژنانە بوو کە مێژووی نوێی خەباتی کورد پێی قەرزدار بوو. ئەو کە مێردەکەی دوای دەربەدەرییەکی زۆر لەسەر کوردایەتی و لە پێناوی ئامانجی نەتەوەیی کورد لە تەورێز گوللەباران کرابوو، هەوڵیدا منداڵەکانیشی بە ڕوحی نەتەوەیی و لەسەر ڕێبازی باوکە شەهیدەکەیان پەروەردە بکا.
ئەوە بوو کە سێ کوڕی دایە ئامینە بە ناوەکانی کەماڵ و جەماڵ و ڕزگار ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکڕاتیان گرتەبەر کە بە داخەوە کەماڵ و ڕزگار شەهید بوون.
دایە ئامینە خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵک و نموونەی ژنە کوردێکی دڵ پڕ لە ژان و لە هەمان کاتدا دڵ پڕ لە هیوای سەرکەوتنی گەلەکەی بوو. ئەو هەموو کاتێ دەورووبەری بۆ ژیانی سەربەستانە هان دەدا و تا ڕۆژی شەممە، 20ی خەرمانان کە ماڵاوایی لە ژیان کرد، هەر بە هیوای ڕزگاریی نەتەوەکەی لە بندەستی بوو.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەو بۆنەیە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری دایە ئامینە دەکا و خۆی بە شەریکە خەمیان دەزانێ.