پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دێموکڕات لە شاری سەقز بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ گیانی لە دەست دا.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کوردستان و کورد چەند ڕۆژ پێش ئێستا کەریم ساڵح پوور، پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دیموکراتی کوردستان ناسراو بە کەریم مازوارەیی، خەلکی ئاوایی مازوارە لە ناوچەی گەورکی سەقزبە هۆی ڕووداوی پێکدادانی ئوتومبێل، لە نێوان جادەی سەقز و بانە گیانی لە دەست دا.
کاک کەریم لە ساڵی ١٣٦١ تا ١٣٦٥ی هەتاوی بۆ پارێزگاری لە گەل و نەتەوەکەی ڕووی کردە شۆڕش و خەبات و هاتە نێو ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان. ناوبراو لەو ماوەیەدا لە چەندین شەڕی سەخت و قورسدا بەشداری چالاکانەی کرد، ئەو کە جارێکیش لە ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ دوژمندا بریندار بوو، وەک پێشمەرگەیەکی ئازا و لێهاتوو لە ناو هاوڕێیانیدا ناسرابوو.
ئەو لە کۆتایی سالی ١٣٦٥ی هەتاوی بە هۆی دەسکورتی بنەماڵەکەی و لە سەر ئیزنی حیزب گەڕایەوە بۆ نیوخۆی وڵات و ژیانی ئاسایی دەست پێکردەوە، بەلام بە درێژایی ئەو چەندین ساڵە قەت پشتی لە ئامانجەکانی نەتەوەکەی نەکرد و تا داو ساتی ژیانی بە دیموکرات وەفادار مایەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە هۆی گیان لەدستدانی کەریم مازوارەیی سەرە خۆشی لە بنەماڵە وکەس کاری دەکا و خۆمان لە خەمیان بە شەریک دەزانین.