جوتیارانی پارێزگای کرماشان دەڵێن دوای چەند مانگ لە پێدانی گەنم و بەروبوومە کشتوکاڵییەکانیان بە دەوڵەت، هێشتا پووڵەکانیان نەدراوەتێ.
حەمید بەساتی، سەرپەرستی شیرکەتی دانەوێڵە و خزمەتگوزارییە بازرگانییەکانی کرماشان لەهەڵ پشتڕاستکردنەوی ئەو هەواڵە گوتی هێشتا ٥٧١ میلیارد تمەن لە قەرزی جوتیارانی ئەو پارێزگایە پاک نەکراوە.
ئەو دەڵێ دوای چەند مانگ تەنیا توانیویانە ٣٧٠ میلیارد تمەن لە پووڵی گەنمی وەرزێڕەکان بدەن و ئەوەی دیکەی هەموو قەرزە و لە سەر دەوڵەت ماوەتەوە.
بەساتی دەڵێ کێشەی دواکەوتنی پووڵی گەنمی وەرزێڕەکانی کرماشان هەر تایبەت بەو پارێزگایە نییە و لە سەرجەم پارێزگاکانی وڵاتدا دەوڵەت زیاتر لە ٧ هەزار میلیارد تمەنی پووڵی جوتیاران لەسەرە و تا ئێستا تەنیا توانیویەتی یەک هەزار میلیارد تمەنی لەسەر خۆی سووک بکا.
کەریم زولفەقاری، سەرۆکی ڕێکخراوی جیهادی کەشاوەرزیی سنەش دەڵێ دەوڵەت ئەمساڵ زیاتر لە ٨١٧ هەزار تۆن گەنمی لە وەرزێڕەکانی سنە وەرگرتوە کە بایی زیاتر لە هەزار میلیارد تمەنە، بەڵام ئەوان هێشتا پوڵێکیان بابەتی کڕینی گەنمەکانیان نەدراوەتێ.
شایانی باسە دواکەوتنی پووڵی گەنمی وەرزێڕان دوای دوو مانگ لە حاڵێک دایە کە پێشتر کاربەدەستانی دەوڵەت وادەی ئەوەیان دابوو کە لە ماوەی حەوتویەکدا پووڵی گەنمی خەڵکەکە دەدەن و ئەوان پێویست نییە بەرهەمەکانیان بەرنە باسکۆڵ و بیدەنە دەڵاڵەکان.