لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا دارستان و مێرگ و مەزراکانی پارێزگای سنە ١٣٥ جار ئاگریان گرتوە و بەو هۆیەوە هەر نەبێ ٧٠٠ هێکتاریان سووتاون.
پەیمان باپیری، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سروشتییەکانی پارێزگای سنە لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەو هەواڵە دەڵێ کە سەرەڕای سووتانی ٧٠٠ هێکتار دارستان و لێرەوار، بەڵام هێشتا ئەوە نیوەی زیان و خەساری سووتمانەکان لە چاو ساڵی ڕابردوو بووە.
بەپێی زانیارییەکانی ناوبراو زۆربەی سووتمانەکان لە ناوچە و دارستانەکانی مەریوان و بانە بووە و بەهۆی زوو وەدەستهاتنی خەڵکی ناوچەکە و تیمەکانی ئاگرکووژێنەوە لە کووژاندنەوەی ئاگرەکان، بڕی زیان و خەسارەکان لە چاو پێشوو کەمتر بووە.
بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سروشتییەکانی پارێزگای سنە داوای لە خەڵک، ئاژەڵداران، وەرزیڕان و گەشتیاران کردوە کە بۆ پێشگرتن لە ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە کە نەمان و فەوتانی سەرچاوە سروشتییەکانی لێدەکەوێتەوە، ئەوپەڕی پارێزی خۆیان بکەن.
قسەکانی ئەو کاربەدەستەی دەوڵەت لە حاڵێک دایە کە بەپێی بەڵگە و گێڕانەوەی شایەتحاڵ و خەڵکی ناوچە زۆربەی ئاگرکەوتنەوەکان دەستی بە ئانقەستی ناوەندە ئەمنیەتییەکانیان لە پشتە.