لە شاری ڕانیە لە باشووری کوردستان پرسە و سەرەخۆشیی شەهیدان ئەمیر نستانی و ئازاد ئاڵی بەڕێوەچوو.
لەو ڕێوڕەسمەدا کە دوانیوەڕۆی ڕۆژی هەینی، ١٩ی خەرمانان لە ماڵی شەهید ئەمیر نستانی بەڕێوەچوو، بە سەدان کەس لە خەڵکی بە ئەمەگ و حیزبخۆشەویستی خەڵکی دەڤەری ڕاپەرین بەشداریی پرسەکەیان کرد و لە نیزکەوە هاوخەمیی خۆیان بە بنەماڵە و کەسوکاری شەهید ئەمیر نستانی و ئازاد ئاڵی و حیزبی دێموکڕاتی کوردستان ڕاگەیاند.
جێی بیرهێنانەوەیە کە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، ١٦ی خەرمانان دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ناوچەی بوڵفەت لە شوێنێک لە نێوان ئاواییەکانی کانی زەرد، وەردێ و گڵکەند کەوتنە سەر کەمین و مەیدانی مینی چێندراوی کۆماری ئیسلامی.
پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان کەمینەکەی هێزەکانی ڕێژیمیان تێک شکاند، بەڵام بەهۆی تەقینەوەی مین دوو پێشمەرگەی حیزب، ئەمیر نستانی و ئازاد ئاڵی بەداخەوە شەهید بوون.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بە چاوی ڕێزەوە لە هاوخەمی و هاوپێوەندیی خەڵکی خۆشەویستی ڕانیە و دەڤەری ڕاپەڕین دەڕوانێ و سەبارەت بە بەشداری بەرینیان لەو هاوخەمییەدا سپاسیان دەکا