هه‌یئه‌تێكی پارتی یه‌كیه‌تی كوردی سووریه سه‌ردانی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی كرد و لە دانیشتنێکدا لە سەر گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییانەی کوردستان ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا.
دوانیوه‌ڕۆی ڕۆژی چوارشه‌ممه ١٧ی خه‌رمانان، هه‌یئه‌تێكی پارتی یه‌كیه‌تیی كوردی سووریه به سه‌رپه‌رستیی هه‌ڤاڵ حه‌سه‌ن ساڵح، جێگری سكرتێری ئەم حیزبە سه‌ردانی بنكه‌ی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستانیان كرد و له‌لایه‌ن هه‌یئه‌تێكی حیزبی دێموكراتی كوردستان به سه‌رپه‌رستیی کاک مسته‌فا مه‌ولوودی، جێگری سكرتێری حیزبه‌وه پێشوازییان لێكرا.
له‌و دانیشتنەدا دوو هه‌یئه‌ت بارودۆخی سیاسی، ئابووریی و كۆمه‌ڵایه‌تیی ڕۆژاوای كوردستانیان هه‌ڵسه‌نگاند و ڕوانین و هه‌ڵوێستی سیاسی حیزبی خۆیانیان بۆ یه‌كتری ڕوون كرده‌وه و پێداگرییان له‌سه‌ر پێویستی یه‌كڕیزی حیزبه‌كانی كوردستان له پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان كرد. دوولایەن هه‌روه‌ها به پێویستیان زانی له‌م قۆناخه هه‌ستیاره‌دا باشترین سوود له ده‌رفه‌ته‌كان بۆ به‌ره‌وپێشبردنی بزووتنه‌وه‌ی كورد وه‌ربگیرێ.
دوو لایه‌ن هەروەها پێداگربوون له‌سه‌ر برڕەودان بە دۆستایه‌تی و هاوكاریی نێوان هه‌موو حیزبه‌كان كوردستان به‌گشتی و ده‌رككردن به ئاسته‌مبوونی بارودۆخی ژیانی كورده‌كان له ڕۆژاوای كوردستان كه تووشی نه‌هامه‌تی و ئاواره‌بوون هاتوون.
لەو باسانەدا تیشک خرایە سەر ئەوەی کە ده‌بێ زیاتر كار بكرێ تا كورد له‌و ده‌رفه‌ته‌ی له سووریه هاتۆته پێش، كه‌ڵكی پێویستی لێوه‌رگرێ تا مافی نه‌ته‌وایه‌تی خۆیان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن.