جێگری سکرتێری گشتیی ستادی بەربەرەکانی لەگەڵ ماددەی هۆشبەر دەڵێ لە ئێستادا زیاتر لە سەدی ١٠ی حەشیمەتی موعتادەکانی وڵات لە ژنان پێک دێن. ئەو دەڵێ ئەو ئامارە دوو هیندە زیادی کردوە.
عەلی مۆئەیدی لە پرێس کۆنفڕانسێکدا کە بەبۆنەی کردنەوەی ناوەندێکی ژنانەی چارەسەری ئیعتیاد پێکهاتبوو، گوتی ستادت بەربەرەکانی لەگەڵ ماددەی هۆشبەر ئێستا بۆ ناسینی ژنانی موعتاد دەچێتە نێو پاتووقەکانیان. ئەو دەڵێ ژنان بە خێراییەکی زۆر خەریکە ئالوودەی ماددەی هۆشبەر دەبن و ئەوەش کێشەی بۆ ناوەندەکانی بەربەرەکانی لەگەڵ ئەو پەتایە دروست کردوە.
ئەو کاربەدستەی ڕێژیم دەڵێ زۆربەی ژنان کە دەکەونە زەلکاوی ئێعتیاد ڕوو دەکەنە ماددەی هۆشبەری ڕەوانگەردان، ئەوەش کاتێک مەترسییەکانی پتر دەردەکەوی کە دەبینین لە ئێستادا سەدی ١٠ی حەشیمەتی موعتادانی وڵات لە ژنان پێکدێن کە لە چاو چەند ساڵی ڕابردوو دوو هیندە زیادی کردوە.
جێگری سکرتێری گشتیی ستادی بەربەرەکانی لەگەڵ ماددەی هۆشبەر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی دابەشکردنی سۆرەنگی بەخۆڕایی لە نێو موعتادەکاندا بۆ پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئیدز، گوتی: لەو ناوەندانەی کە بە هاوبەشیی ستادی بەربەرەکانی لەگەڵ ماددەی هۆشبەر بەڕێوە دەبرێن سۆرەنگی بەخۆڕایی دەدرێتە موعتادەکان، بەڵام ئەوە لە هەموو جێیەک نییە.
قسەکانی ئەو کاربەدەستەی کۆماری ئیسلام لە حاڵێک دایە کە هەر بەپێی ئامارەکانی ئەو ستادە، نزیك بە نیوەی پارێزگاو شارو ناوچهکانی ئێران لە کهمپ و ناوەندهکانی “نەهێشتنی ئێعتیادی ژنان” بێ بەشن.
كۆمەڵناسان دەڵێن دەوڵەمەندیی عاتفیی بنەماڵەیی، لە کەمیدانی کێشەی ماڵی، چارەسەریی قەیرانی بێكاریو باشبوونەوەی بارودۆخی ژیانی خەڵك دەتوانێ شوێندانەریی زۆری لەسەر دابەزینی ڕێژەی تووشبوون بە مادەی هۆشبەر هەبێ.