لاوێک لە گامێشگولی تۆمەتی کوشتنی جاشێکی بەسەردا ساغ کرایەوە و سزای ئیعدامی بەسەردا سەپا.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێری کوردستان و کورد پاش دوو ساڵ لە کوژرانی هاشم زەینالی، مۆرەی سووتاوی سپای پاسداران و ئیدارەی ئیتلاعات لە گووندی گامێشگۆلیی ناوچەی ئاڵەشینی سەر بە شاری بۆکان، بەرپرسانی ئەو دامودەزگایانە لە شاری میاندواو شەشی لاوی بێتاوانی ئەو گوندەیان لەو پیلانە وەردا و یەک لەوان بە ناوی “کەماڵ ئەحمەدنژاد”یان بە ئیعدام مەحکووم کرد و هەر کام لە “هەڵمەت عەبدوڵڵاهی، سولەیمان کوردی، میلاد عەبدی، سەعید سیاهی و مستەفا تەهازادە” یان بە پازدە ساڵ زیندانی حوکم دا.
سەپاندنی ئەو سزا قورسە بە سەر ئەو شەش لاوە لە کاتێک دایە کە چەند کەس لەو لاوانە کاتی کوژرانی هاشم زەینالی مۆرەی سووتاوی ئیتلاعات تەمەنیان لە ژێر هەژدە ساڵ بووە و پاش دوو ساڵ بێ سەر و شوێن بوون و ئەشکەنجە و ئازاری چاڵە رەشەکانی ئیتلاعات و، بە بێ مافی هەبوونی پارێزەر و دادگایی دادپەروەرانە بەم چەشنە حوکمی قورس دراون.
شایانی باسە ئێستاکەش سێ کەسی دیکەی خەڵکی ئەو گووندە بە ناوەکانی تاغی رەحیمی، سیروان فەرزین و حەمەشەریف پوورهەمزە بە تۆمەتی هەڵبەستراو لە زیندانەکانی ئیتلاعات دان.