قادر وریا، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان گوتی: حیزبی دێموکڕات لە مێژساڵە بڕیاری داوە کە حزووری چالاکانەی لە نێو خەڵکدا هەبێ، ئەو حزووری چالاکانەیەش بەشێکی لە ڕێگای بوونی تێکۆشەرانی ئەو حیزبەیە لە نێو خەڵکدا. حزووری ئەمساڵی پێشمەرگەکانمان هەر دەرێژەی ئەو سیاسەتەیە کە لە ساڵانی ڕابردوودا گرتوومانەتە بەر و بۆ ئەو حزوورەش ڕەچاوی زۆر خاڵ وەک پیلانگێڕییەکانی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی پێوەندیدار بە هەرێمی کوردستانمان کردوە.
ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی میدیایی ڕووداودا لە وەڵامی هۆکاری ناردنەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ نێوخۆی کوردستان پێی لەسەر ئەوە داگرتەوە کە بوونی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکڕات لە نێو خەڵکەکەیان مافی خۆیانە و کەس ناتوانێ ڕێگرییان لێ بکا و ئەو مافەیان لێ زەوت بکا.
قادر وریا لە وەڵامی ئەوانەی لۆمەی حزووری پێشمەرگە لە نێوخۆی کوردستاندا دەکەن، گوتی چۆنە کەسێک دەتوانێ لە مەشهەد و لە کرمانەوە بێتە کوردستان و ببێنە فەرماندار یان پارێزگار، بەڵام ڕۆڵەیەکی کورد نەتوانێ یان نابێ بۆ کاری سیاسیش حزووری هەبێ. هەر بۆیەشە گۆڕینی رێژیم و بارودۆخە جیاوازەکانیش نەیتوانیوە پێش بە حزووری پێشمەرگە لە نێو خەڵکی خۆیدا بگرێ؛ چونکی ئەوە خەڵکی کوردستانن پێشمەرگە و بوونی پێشمەرگە لە نێو خۆیاندا دەوێ. جیا لەوەش ئەوە ئەرکی تێکۆشەری کوردە کە لە نێو خەڵکی خۆیدا بێ.
ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان هەروەها گوتی شتێک کە ئێمە لەسەری شێلگیرین و لە ڕابردوودا نیشانمان داوە و لە داهاتووشدا پێی پابەند دەبین ئەوەیە کە خەبات و تێکۆشانی نەتەوەکەمان لە کوردستان چالاکتر بکەینەوە، جا ئەو بە حزووری کادر و پێشمەرگە لە نێو خەڵکدا بێ، یان بە درێژەدان بە شێوازەکانی دیکەی خەبات بێ، گرینگ ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان دەبێ شێلگیر بن لە هێنانە بەرباسی ماف و داخوازییەکانیان.