لە درێژەی ڕەوتی کوشتاری کاسبکارانی کورد لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان، کاسبکارێکی دیکەی کورد درایە بەر دەستڕێژی هێزەکانی رێژیم.
شەوی سێشەممە لە سەر چوارشەممە، ١٧ی خەرمانان پۆلێک کاسبکاری ناوچەی پیرانشار لە ناوچەی “مێرگە چەکۆ” کەوتنە کەمینی هێزەکانی رێژیم و تەقەیان لێکرا.
لەو پەلامارەدا کاسبکارێک بەناوی عوسمان بێکۆسی بریندار بووە. هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم بەزەییان بە ئەسپ و وڵاغی کاروانچییەکاندا نەهاتۆتەوە و شەش ئەسپیشیان لێ کوشتوون.
جێی بیرهێنانەوەیە کە ئێوارەی ڕۆژی شەممە ١٣ی خەرمانان، لە بەرزاییەکانی چیای “داڵانپەڕ”یش کۆمەڵێک کۆڵبەری کورد بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت دراونەتە بەر دەستڕێژ.
لەو پەلامارەی هێزەکانی ڕێژیمدا دوو کۆڵبەر بەناوەکانی فەیسل وەفایی و دەرویش فەقێ پوور خەڵکی گوندی “سوسەن ئاوا”ی ناوچەی مەرگەوەڕ کوژراون و کۆڵبەرێکیش بە ناوی سەیاد میرخانپوور خەڵکی گوندی “براسپ” بریندار بوون.