بەدوای ڕەخنەی توندی كۆماریخوازەكان لە دەوڵەتی باراك ئۆباما لە هەمبەر پێدانی چوارسەد میلیۆن دۆلار لە داراییە ڕاگیراوەكانی ئێران، راگەیەنەكانی ئامریكا باس لە هەوڵی نوێی نوێنەرانی كۆنگرە بۆ پەسندكرانی قانوونێك بە مەبەستی پێشگرتن بەپێدانی پارە بە ئێران دەكەن.
بڵاڤۆكی “واشنگتۆن فری بیكێن” باس لە گەڵاڵەی نوێی سیناتۆری كۆماریخوازەكان ماركۆ رۆبیو دەكا كە قەرارە بۆ مەجلیسی سەنا بنێدرێ و بەپێی ئەم گەڵاڵەیە دەوڵەتی ئامریكا ناتوانێ هیچ پووڵێکی دیكە بە ئێران بدا كە ڕەخنەگران ئەمە بە پێدانی باج بە ئێران دەزانن.
ڕۆژنامەی “وال ئیستریت جۆرناڵ” نێوەڕاستی مانگی گەلاوێژ لە زمان كاربەدەستێكی ئامریكای كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێ ئاشکرای کرد کە واشنگتۆن هاوكات لەگەڵ گۆڕینەوەی زیندانییانی دوو وڵات لە زستانی ٩٤ بڕی ٤٠٠ میلیۆن دۆلاری نەغدی بە فڕۆكەیەك بۆ تاران ناردوە.
ئەم پارەیە بەشێك لە قەرزی یەك میلیارد و ٧٠٠ میلیۆن دۆلارەكەی ئێران لە ئامریكا بابەتی گرێبەستی كڕینی چەكوچۆڵ بوو کە پێش شۆڕشی ساڵی ٥٧ لەگەڵ رێژیمی پاشایەتی بەستبووی.
بەڵام هاوكات لەگەڵ پێدانی ئەم پارەیە و ئازادكرانی كۆمەڵێك لە بەندكراوانی ئامریكایی لە ئێران لە مانگی بەفرانبار، ئەو قسەیە هاتەوە سەر دەوڵەتی باراک ئۆباما کە باجی بە ئێران داوە.
بەپێی نووسراوەیەكی “واشنگتۆن فری بیكێن”، گەڵاڵەی پێشنیاریی سەناتۆر رۆبیو بۆ پێشگرتن بە پێدانی پارەی دیكە بە ئێرانە و هەروەها لە بەشێكی دیكەی ئەم گەلاڵەیەدا هاتووە كە دەبێ لە شوێنی داراییەكانی ئێران قەرەبووی قوربانیانی ئەو کردەوە تیرۆریستییانە بکرێتەوە کە ئێرانی دەستی تێیاندا بووە.