ڕۆژێک دوای تەقینەوەی مین لە نیزیک گوندی چەکۆی سەردەشت، کە کوژران و برینداربوونی سێ منداڵی لێ کەوتەوە، ئەمجارەیان لە تەتەی مەریوان، تەقینەوەی مین بووە هۆی برینداربوونی سێ مێردمنداڵ.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێری کوردستان و کورد ڕۆژی سێشەممە، ١٦ی خەرمانان ٣ مێرمنداڵی تەمەن ١٥ ساڵ خەڵكی هەورامان سەربە شاری سەوڵاوا كە چوبوونە ناوچە کوێستانییەکانی “گەناو”، مینیان لە بن پێدا تەقیوەتەوە. لەم ڕووداوەدا مێردمنداڵێک بە ناوی محەممەد ئیبراهیمی لاقی پەڕیوە و دوو كەسەكەی دیكەش بریندار بوون، بەڵام برینەکانیان سووکترە.
تەقینەوەی مین لە شاری مەریوان لە حاڵێكدایە كە سەرلە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممەش لە نزیك ئاوایی چەكۆ ناوچەی وەزنێی سەردەشت سێ منداڵ لە كاتی یاریكردندا لە دەورووبەری چۆمی كەڵوێ مین بە ڕوویاندا تەقییەوە و منداڵێك بە ناوی محەممەد ئەلیاسی تەمەن٨ ساڵان کوژرا و دوو منداڵەكەی دیكەش بریندار بوون.
جێی بیرهێنانەوەیە کە بەپێی ئامارەکان زیاتر له ٢٠ میلیۆن مین لە ٦ میلیۆن هێكتار له خاكی ئێراندا به مین چێندراوه و زۆربهی نیزیک بە تەواوی ئەو مین و ناوچە مینرێژکراوانە لە کوردستان و لە هەر چوار پارێزگاکەی ئیلام، كرماشان، سنه و ورمێ هەڵکەوتوون.
ئامارەکان دەڵێن له ساڵی ڕابردوودا ٣٦ كهس له كوردستان بوونەتە قوربانیی تهقینهوهی مین کە ١٢ كهسیان بەو هۆیە گیانیان لهدهست داوه و ٢٤ کەسیشیان بریندار و نقوستان بوون.