جێگری پێوەندیی كاری وەزیری تەعاون، كارو خۆشبژێویی كۆمەڵایەتی گوتی كرێكاران لە ساڵی٨٤ وە تا ئێستا سەدی ٦٧ی توانای كڕینیان لە کەمی داوە.
حەسەن حەڤدەتەن وێڕای ڕاگەیاندنی ئەم بابەتە گوتی ئەو هەزار تمەنەی كە هێزی كار بەدەستی دێنێ، بە ئەندازەی ٣٠٠ تمەنی ساڵی٨٤ توانی كڕینی نییە. ناوبراو ئەمە بە هەڵەی كاربەدەستان سەبارەت بە داڕشتنی ئابووریی گشتیی ئێران دەزانێ و دەڵێ قەرەبووكردنەوەی زۆر سەخت و ئاستەم دەبێ.
لە ماوی چەند ساڵی ڕابردوودا، چالاكان و ڕێكخراوەكانی كرێكاری چەندین جار داوای بەرزبوونەوەی لانیكەمی هەقدەستی مانگانەی کرێکارەکانیان بەپێی بەندی ٢ی مادەی ٤١ی قانوونی كار و تێچووی ژیانی بنەماڵەی كرێكاران کردوە، بەڵام دانانی نرخی نوێی مووچە و حەقدەستەکان لە بەرژەوەندیی کرێکاراندا نەبوون.
شایانی باسە لە ئێستادا لانیكەم هەقدەستی مانگانەی كرێكاران ٨١٢ هەزار تمەنە، ئەمە لە حاڵێكدایە كە بەقسەی ناوەندە كرێكارییەكان تێچووی ژیانی هەر بنەماڵەیەک لە شارە گەورەکان نیزیک بە سێ میلیۆن تمەنە.