لە حاڵێکدا تەعاونییەکانی سنوور لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بە مەبەستی یارمەتیدان بە خەڵکانی دانیشتووی ئەو ناوچانە دامەزراون، بەڵام ئەو تەعاونییانە بەجێی سووککردنی بارێک لە سەر شانی خەڵک بوونەتە ناوەندی گەندەڵی و کاری ناقانوونی.
پارێزگای سنە ١٩ تەعاونیی سنوورنشینی هەیە و بەپێی قانوون دەبێ نیزیک بە ٥٠ هەزار کەس ئەندامی ئەو تەعاونییانە بن و ساڵانەش بڕە بودجەیەک وەک یارانەیان دەدرێتێ؛ تا ئەندامانی ئەو تەعاونییانە بتوانن ئەو ئاسانکارییانە بۆ ناردن و هاوردەکردنی کاڵا بەکار بێنن.
بەڵام لە ئێستادا بابەتی گەندەڵیی ماڵی لە تەعاونییەکانی سەرسنوور لە پارێزگای سنە بۆتە باسی میدیاکان و عەلیڕەزا مرادی، جێگری پۆلیسی ئاگاهیی سنە نایشارێتەوە کە پەروەندەیەکی لادانی ٤٠ میلیارد تمەنی لەو پێوەندییەدا کراوەیەوە کە هیچ کام لە کەسە سەرەکییەکانی تۆمەتبار لەو پەروەندەیە خەڵکی کوردستان نین و بە بەکارهێنانی کارتی بازرگانیی خەڵکی سنوور بە کەیفی خۆیان شتیان هێناوە و بردوە و ماڵیاتیشیان نەداوە.
ئەندامێکی هەیئەتی بەڕێوەبەریی یەکێک لەو تەعاونییانەی پارێزگای سنە لە وتووێژ لەگەڵ “زاکرنیوز”دا دەڵێ زۆربەی کارتی بازرگانیی تەعاونییەکان کە دەبێ بدرێنە خەڵکی ناوچە سنوورییەکان، بە خەڵکی بازرگانی غەیرە کورد دراون و ئەوان لەو دەرفەتە بۆ بازرگانیی خۆیان و وەسەریەکنانی سامان و پووڵ کەلک وەردەگرن.
ئەو کە نەیویستوە ناوی ئاشکرا بکرێ، لە درێژەدا دەڵێ لە ئێستادا چەند کەس لە تاجرەکان لە تاران و تەورێز و پارێزگاکانی دیکە کارتەکانی بازرگانیی خەڵکی ناوچە سنوورییەکانی کوردستانیان دراوەتێ و بەو کارتانە بازرگانی دەکەن و تەنانەت ئەو یارمەتی و یارانەیەش کە دراوەتە تەعاونییەکان، ئەو بودجەیەش بۆ خۆیانی وەردەگرن.
ئەو ئەندامەی تەعاونیی سنوورنشینەکانی سنە وێڕای رەخنەی توند لەو بابەتە دەڵێ تا ئێستا چەند جارمان ئەو بابەتە لەگەڵ فەرمانداریی شارەکانی کوردستان و بەرپرسانی دیکە هێناوەتە بەرباس، بەڵام کەس لەوە ناپرسێتەوە و بەوەش قازانجی هێنان و بردنی کاڵا لە ناوچە سنوورییەکان بۆ خەڵکی غەیرە کوردی دەرەوەی کوردستان و بەشی خەڵکی ناوچەکەش کوژران و برینداربوون و تەقینەوەی مینە.