ئاکامی تاقیکردنەوەی ٥٠٠ کەس لە ئاستی لیسانس و فەوقە لیسانسدا بۆ دامەزران لە زانکۆی کوردستان هیشتا یەکلا نەبۆتەوە.
رێبەندانی ساڵی ڕابردوو بڕیار بۆ دامەزراندنی گرێبەستیی ١٧ کەس لە زانکۆی کوردستان لە سنە درا و لە ڕۆژی ٢٠ی ڕەشەممەدا تاقیکارییەک بۆ ئەو مەبەستە بەڕێوەچوو، بەڵام دوای ٦ مانگ لەو تاقیکارییە کە ٥٠٠ کەس بەشدارییان تێدا کردبوو، ئاکامەکەی هێشتا ڕانەگەیەندراوە.
فەردین ئەخلاقیان، سەرۆکی زانکۆی کوردستان دەڵێ لە دوو ساڵی رابردوودا هیچ کەسیان لەو زانکۆیە دانەمەزراندوە و دوای ڕاگەیاندنی پێویستییان بە هێزی ئینسانی، ئەو تاقیکارییانە کراون، بەڵام هێشتا چاوەڕوانی بڕیاری بە نووسراوە بۆ ڕاگەیاندنی ئاکامی تاقیکارییەکەن.
ئەو دەڵێ دەسەڵاتی ئەو بڕیارە لە ئەستۆی ڕێکخراوی بەڕێوەبەری و بەرنامە و پلاندانانی وڵات و، هەروەها وەزارەتی زانستەکانە کە تا ئێستا وەدوا کەوتوە.