پارێزگای ورمێ لەگەڵ کێشەی کەمیی تەختی نەخۆشخانە بەرەوڕوویە.
نوێنەری شاری ورمێ وێڕای ئاماژە بەو بابەتە دەڵێ ئامارەکانی زانکۆی زانستە پزیشکییەکان ئەوە دەردەخەن کە تا کۆتایی ئەمساڵ دەبێ ١١٢٧ تەختی دیکە بە زەرفییەتی نەخۆشخانەکانی پارێزگای ورمێ زیادی ببن.
ڕوحوڵلا حەزرەتپوور دەڵێ سەرەڕای کەمیی تەختی نەخۆشخانە، نەخۆشخانەکانی ئەو پارێزگایە لەگەڵ کەمیی ئیمکاناتی پزیشکیی پێشکەوتوو بەرەوڕوون و تێچووی دەرمان و چارەسەر لەو نەخۆشخانەیە بۆ خەڵک زیاتر لە نێونجی وڵاتە.
ئەو قسانەی نوێنەری ورمێ لە مەجلیس سەبارەت بە کەمیی تەخت لە نەخۆشخانەکان لە حاڵێک دایە کە ماوەیەک لەوە پێش هوشەنگ عەتاپوور، بەڕێوەبەری گشتیی فەرهەنگی ـ كۆمەڵایەتیی پارێزگای ورمێ ڕایگەیاندبوو كەمیی تەخت، كەمیی شوێنی دەرمانی، كۆنبوونی هێندێك لە بیناكانی نەخۆشخانەو دەزگا پزیشكییەكان بەشێکی سەرەکی لە گیروگرفتەكانی كەرتی تەندروستی ئەم پارێزگایەیە بە تایبەت بۆ نەخۆشانی دیالیزین.
ناوبراو گوتبووی، لە ئێستادا ٥٤ دەزگای دیالیز لە پارێزگای ورمێ لەكار كەوتوون كە دەبێ دەزگای نوێ جێیان بگرێتەوە، جگە لەمەش ئەم پارێزگایە پێویستیی بە نزیك بە ٦٠ دەزگای دیكەی دیالیز هەیە.
ئامارەکان باس لەوە دەکەن کە لە پارێزگای ورمێ ٣٣٢٥ کەس نەخۆشیی تایبەتیان هەیە کە ١٢٤٣ کەس لەوان گورچیلەکانیان لەکار کەوتوونو دەبێ دیالیز بکرێن.