سکرتێری یەکیەتیی لاوان و بەرپرسی بەشی مافی مرۆڤی ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر لە سەر رەوشی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد.
سەرلەبەیانی رۆژی یەکشەممە،١٤ی خەرمانان پێشەوا عەلی پوور سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ زیتۆ سیانی، بەرپرسی دێسکی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر کۆبۆوە. لەم دیدارەدا پێشەوا عەلی پوور تیشکی خستە سەر پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ئێران بەتایبەت لە کوردستان و هەروەها کەیسی ئێعدامی بەکۆمەڵی زیندانیانی سیاسی و هەموو ئەو ئەوانەی کەلەسەر جیاوازیی ئایین ئێعدام کراون.
باسێکی دیکەی سکرتێری گشتیی لاوان تەرخان کرابوو بە کەیسی کۆڵبەرانی سنوور لە رۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها مندالانی سەرشەقام لە ئێران.
پێشەوا عەلی پوور وێڕای پێداگری لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و بەها ئینسانییەکان لە لایەن دەسەڵاتدارانی تارانەوە، باسی لە زیندووبوونی کۆمەڵگای مەدەنی لە رۆژهەڵاتی کوردستان کرد و لەسەر هەستبوونی لاوانی کوردی بۆ بەرپەرچدانەوە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی دژی نەتەوەی کورد بەرز نرخاند.
پاشان زیتۆ سیانی، بەرپرسی دێسکی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر وێڕای دەستخۆشی لە یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان، رایگەیاند کە ئەوان داتا و زانیارییەکانی یەکیەتیی لاوان وێڕای هەموو ئەو داتایانەی کە لەسەر پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە ئێران بەدەستیان دەگات دەگەیەننەوە بنکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژێنێڤ و هەروەها راشیگەیاند کە پشتگیری یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن لە بەرەو پێشبردنی کاری رێکخراوەیی و هۆشیاری لاوان و برەودان بە دیموکراسی.