محەممەد جەواد حەقشناس دەڵێ گەندەڵی لە ئێران لە سنووری تاک و تەرا تێپەڕیوە و بۆتە سیستماتیک و دەبێ ئاژیری سووری بۆ هەڵبکەین.
محەممەد جەواد حەقشناس لە ئەندامانی ڕێبەریی حیزبی ئیعتمادی میللی لە فازی نوێی شەڕە دندووکەی نێوان ئوسولگەراکان و دەوڵەتدا دانی بە دزی و گەندەڵییەکان لە شارەداریی تاراندا نا و گوتی: بەربڵاویی گەندەڵی وەک مۆتەکە بەسەر وڵاتدا باریوە و بڕستی لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خەڵک و بەڕێوەبەریی وڵات بڕیوە.
ناوبراو کە لەگەڵ هەواڵدەریی حکومەتیی ئیلنادا وتووێژی دەکرد، گوتی: لە دوای ساڵی ٨٤ ەوە گەندەڵی لە وڵات بە تەواوی ڕیشەی داکوتاوە و ئەو گەندەڵییە کاریگەریی لە هەموو بوارەکانی ژیانی سیاسیی خەڵک و ناوەندەکانی بڕیار لە حکومەتیش داناوە.
حەقشناس دەڵێ پێشتر گەندەڵییەکان تاک و تەرا ڕوویان دەدا، بەڵام ئێستا تەواو بۆتە سیستماتیک و دەبێ هەموو لایەک لە مەترسییەکانی وریا بکرێنەوە.
ئەو ئەندامەی حیزبی ئیعتمادی میللی بە ئاماژە بەوەی گەندەڵیی سیستماتیک لە نێو خۆیدا، خۆی بەرهەم دێنێەوە، گوتی: گەندەڵیی سیستماتیک دزەی کردۆتە هەموو بەشەکانی دەسەڵات، واتە دەوڵەت، مەجلیس، بەشەکانی چاوەدێری و دەزگای قەزایی و تەنانەت میدیاکانیشی داگیر کردوە هەتا دەرفەت بە ئاشکرابوون و لەقاودرانیان نەدرێ.