عه‌لی خامنه‌یی، ڕێبه‌ری كۆماری ئیسلامیی ئێران وێڕای ڕاگه‌یاندنی سیاسه‌تی گشتیی بنه‌ماڵه به سه‌رۆكی هە سێ ده‌زگای سه‌ره‌كیی كۆماری ئیسلامی و كۆڕی هه‌ڵسه‌نگاندنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ڕێژیم، پێداگریی له‌سه‌ر ئەوە کرد کە ڕۆڵی سەرەکیی ژنان دەبێ ماڵداری بێ.
له نامه‌کەی عه‌لی خامنه‌ییدا كه دۆینێ شه‌ممه بڵاو بۆتەوە، یه‌كێك له‌م سیاسه‌تانه “پشتیوانی له ڕۆڵی دایكانە و ماڵداریی ژنان و ڕۆڵی باوكانە و ئابووریی پیاوان” ڕاگەیەندراوه.
له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا، عه‌لی خامنه‌یی و کەسانی ناوبراو ئه‌ركی سه‌ره‌كی بۆ ژنانیان ماڵداری و پێڕاگەیشتن بنه‌ماڵه‌دا داناوە و دژایه‌تییان له‌گه‌ڵ ئه‌م ژنانه کردوە كه کار دەکەن.
خامنەیی لە خاكه‌لێوه‌ی ساڵی ٩٣ش له چاوپێكه‌وتنێكدا لەگەك ژنانی بژارده گوتبووی شوغڵ و کار نابێ مه‌سه‌له‌ی سه‌ره‌كیی ژنان بێ، به‌ڵكوو بۆ ژنان بنه‌ماڵه له ئه‌وله‌وییه‌ت دایه.
ڕێبه‌ری كۆماری ئیسلامیی ئێران ئەو کات گوتی ژن له بواری جه‌سته‌یی و عاتیفییه‌وه بۆ به‌شێكی تایبه‌تی ژیان خوڵقاون و نابێ ڕشته‌كانی خوێندن و شوغڵ كه له‌گه‌ڵ سروشتی ژنان نایه‌ته‌وه، به‌سه‌ریان داسه‌پێنن.
هەر ڕێک دوای قسه‌كانی خامنەیی، ده‌وڵه‌ت پشكی كچان بۆ هێندێك له ڕشته‌كانی خوێندنی لابرد.
عه‌لی خامنه‌یی له حاڵێكدا پێداگری له‌سه‌ر ڕۆڵی ماڵداریی ژنان ده‌كاته‌وه كه له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا ڕۆڵی كچان هه‌م له بواری خوێندن و هه‌م له بواری كاروكاسبی له ئاستی ئێران‌دا به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رزبۆته‌وه.
ڕێبه‌ری كۆماری ئیسلامیی ئێران پرسی به‌رابه‌ریی ژن و پیاو بە کلتووری ڕۆژاوا دەزانێ و به هه‌ڵەی دادەنێ.