کەماڵ شەریفی، بەندکراوی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری “میناب”، دوای ۸ ساڵ دوورخرانەوەی بۆ ئەو گرتووخانەیە، لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا باس لە دۆخی خراپی بەندیخانە و ئازارەکانی خۆی کردوە.
لە سەرەتای ئەو نامەیەدا هاتووە کە ٨ ساڵە لە زیندانم و لەو ٨ ساڵە تەنیا جارێک و لە بارودۆخێکی تەواو ئەمنیەتیدا توانیومە چاوم بە دایکم و براکەم بکەوێ.
ئەو زیندانییە سیاسییە دەڵێ ٦ مانگی ڕەبەق لە زیندانی ئیتلاعات ئەشکەنجەی ڕووحی و جەستەیی نەما نەیبینم، شکانی هەموو دەم و ددانەکانم، پەراسووم و ٦٥ شەو و ڕۆژ ڕاگیرانم با کەلەپچە و پێبەندی ئاسن بۆ وەرگرتنی داننانی زۆرەملێ بە تاوانی نەکردوو تەنیا بەشێک لەو بەسەرهاتەیە لەو ماوەیەدا بەسەریان هێناوم.
کەماڵ شەریفی لە درێژەی نامەکەدا باس ٥٦ رۆژ مانگرتنی بۆ وەڵامدانەوە بە داوا و پێڕاگەیشتن بەو نەخۆشییانە دەکا کە لە زیندان تووشیان بووە و تەنانەت بوونەتە هۆی ئەوەی سەکتە لێی بدا.
ئەو لە بەشێکی دیکەی ئەو نامەیەدا باسی لە بەندکرانی لە زیندانێک بە 900 زیندانیدا دەکا و دەڵێ لە بەندێکدا بە آماری ١٨٠ زیندانی و لە ژوورێکی پێنج لە شەش بە ئاماری ٣٠ زیندانیدا بەند کراوم، ئەویش لەگەڵ کۆمەڵە زیندانییەک کە بە تاوانی وەک پیاوکوژی، دزی، قاچاغی مادەی هۆشبەر و چەقۆکێشی گیراون.
کەماڵ شەریفی لە بەشێکی دیکەی نامەکەیدا دەڵێ بەپێی قانوونەکانی زیندان لە ئەگەری مردنی خزمێکی پلە یەک زیندانی مەرەخەسیی دەدرێتێ یان دەتوانێ لە ژێر چاوەدێریی مەئموورەکان چەند سەعاتێک لەگەڵ کەسوکارەکەی بێ، بەڵام ئەمن لە کاتی مردنی باوکمدا کاتێک ئەو داوایەم کرد، ئەوەی دەستم کەوت پێکەنین و قاقای گاڵتەجاری بەرپرسی زیندان بوو.
کەماڵ شەریفی لە کۆتایی نامەکەیدا دەڵێ هەر لێبوردن و داشکاندنێکی ماوەی زیندانی ئەگەر بێتە پێشی، ئەوە زیندانیانی سیاسی و ئێمە مانان ناگرێتەوە کە بە تاوانی پێوەندی هەبوونمان بە حیزبە سیاسییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی بەندکراوین.
كەماڵ شەریفی ڕۆژی ٥ی جۆزەردانی ساڵی ٨٧ لە ماڵی یەكێك لە ڕەفیقەكانی خۆی لە شاری سەقز گەمارۆ درا و لە لایەن هێزی ئینتزامی درایە بەر دەسترێژ و پاشان دەسبەسەر کرا. ئەو پاشان لە لایەن دادگای شۆڕش لە شاری سەقز بە سەرۆكایەتیی قازی شایەق حوكمی ٣٠ ساڵ زیندان لە دوورخراوەیی بەسەردا دەسەپا و بەڕێی زیندانی میناب کرا.