جێگری وەزیری کار و خۆشبژیویی کۆمەڵایەتیی ئێران دەڵێ ئەو دایکە موعتادانەی واز لە ئیعتیادەکەیان نەهێنن، چیدی ناتوان وەک دایک و سەرپەرستی منداڵەکانیان بمێننەوە.
ئەحمەد میدەری دەڵێ ئەوە بڕیارێکە کە دەوڵەت لەو مانگەوە دەیخاتە بواری جێبەجێ کردنەوە. ئەو دەڵێ بەپێی پەسندکراوەکە دایکە موعتادەکان بە هەماهەنگیی دادگا، بێهزیستی و زانکۆی زانستە پزیشکیەکان چارەسەر دەکرێن و بێتوو دایکە نەیهەوێ واز بێنێ، منداڵەکەی لێ دەستێنن.
میدەری دەڵێ تێچووی دەرمان و چارەسەری ئەو ژنانە لە نەخۆشخانە دەوڵەتییەکان لە سەر خۆیان دەبێ، بەڵام خاتریان دەگیرێ و زۆریان لەسەر نانووسن.
ئەو کاربەدەستەی دەوڵەت لە درێژەی قسەکانیدا گوتی تەڵاق، خۆکوژی، ئیعتیاد بە ماددەی هۆشبەر و وازهێنان لە خوێندن چەند کێشەیەکی گرینگی کۆمەڵگای ئێرانن کە لە نێویاندا تەڵاق هەر دێ و مەترسیدارتر دەبێ.
جێگری وەزیری کار و خۆشبژیویی کۆمەڵایەتیی ئێران دەڵێ ١٠ ساڵ لەوە پێش لە هەر ٨ ژیانی هاوبەش یەکیان دەگەیشتە تەڵاق، بەڵام ئێستا لە هەر چوار ژیانی هاوبەش یەکیان هەڵدەوەشێ کە ئیعتیاد بە ماددەی هۆشبەر یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانیەتی.
شەهیندوخت مەلاوێردی، جێگری سەرکۆمار بۆ کاروباری ژنان و بنەماڵە پووشپەڕی ئەمساڵ بە ئاماژە بە زۆربوونی ئەو کۆرپانەی لە سگی دایکیاندا فرۆشتراون، ڕایگەیاند کە هەژاری ئابووری و هەژاریی کۆمەڵایەتی لەگەڵ ئیعتیاد هۆکاری سەرەکیی دیاردەی کۆرپەفرۆشن لە ئێرانن.
شەهیندوخت مەولاوێردی پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ژنان سەدا ١٠ی حەشیمەتی موعتادەکانی ئێران پێک دێنن.