بە هۆی گەندەڵیی ماڵی، باس لە دەسبەسەركرانی ١٠ كارمەندی گومركی پەرویزخانی كرماشان دەکرێ.
هەواڵدەریی تەسنیم، سەربە سپای پاسداران و لە ڕەخنەگرانی دەوڵەت، ڕۆژی ڕابردوو ئاشکرای کرد کە ١٠ كەس لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بە هۆی گەندەڵیی گەورەی گومركی دەسبەسەركراون و شیمانەی ئەوەش دەكرێ بە هۆی ئەم گەندەڵییە گەورەیە كەسانی دیكەش دەسبەسەر بكرێن.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ئەم كەسانە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ١٥٠٠٠ میلیارد تمەنیان لە پارەی دەوڵەت خواردوە. وەک دەگوترێ ئەوان ئاسانكارییان بۆ قاچاغچییەكان و هێنانی ٨٠٠ تۆن ئاڵكۆڵی سپی بۆ نێوخۆی ئێران کردوە.
بەپێی هەمان سەرچاوە، دەسبەسەركراوان بواری تێپەڕین بۆ ٢ هەزار كانتینێریان خۆش کردوە کە ئەوان بێ هیچ پشکنینێک كاڵای قاچاغیان بۆ ئێران گواستۆتەوە.
لە لایەكی دیكە فەریدە زۆبەیدی، بەڕیوەبەری گشتیی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ڕێکخراو کە گومرك بە هەواڵدەریی خوێندكارانی ئێرانی ڕاگەیاند كە بڵاوکردنەوەی هەواڵی دەسبەسەركرانی١٠ كەس لە كارمەندانی گومركی پەرویزخان لە هەلومەرجی ئێستادا “جێی سەرسوڕمانە” و تەنیا بە مەبەستی “هوروژاندنی ڕای گشتی”یە.
ئەو دەڵێ ئەم كەسانە لە ماوەی ٣ مانگی سەرەتای ساڵی٩٢دا ئەم تاوانەیان کردوە و كاتی ئاشكرابوونی ئەم گەندەڵییە و دروستكردنی پەروەندە بۆ تاوانباران ساڵی ١٣٩٣ بووە، ئیدی بۆ ئێستا هەواڵەکەی باس دەکرێ تەنیا بە زەبرلێدان لە دەوڵەتە.
ئیسحاق جیهانگیری، جێگری یەكەمی حەسەن ڕۆحانی، سەركۆماری ئێرانیش ڕۆژی 2ی خەرمانان گەندەڵیی ئابووری لە ئێرانی بە خۆرکە ناو برد و گوتی ئەگەر هەبەرەنگاری نەبنەوە نیزامی كۆماری ئیسلامی تێكەوە دەپێچێ.
لەلایەکی گەندەڵیی ماڵی و ئابووری لە ئێران بۆتە کەرستەی شەڕ و بەرەنگاربوونەوەی هێز و لایەنە سیاسی و ڕکەبەرەکان لەگەڵ یەکتری. لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا دژبەرانی دەوڵەت پەروەندەی حقووقیی نجوومی و گەندەڵیی ئابووریی برای سەركۆماریان ئاشكرا كرد و لە لایەكی دیكە دەوڵەت و لایەنگرانی باس لە حەپەلووشی ماڵ و ئابووریی دەوڵەت لە سەردەمی سەركۆمایی ئەحمەدی نژاددا دەكەن.
گەندەڵی ٨٠٠٠ میلیارد تمەنی لە سندووقی پاشەكەوتی فەرهەنگیان و پێدانی زیاتر لە یەك میلیۆن و ١٠٠ هەزار میتری چوارگۆشە ماڵی ویلایی و ئاپاڕتومان بە بڕی ٢ هەزار و ٢٠٠ میلیارد تمەن لە مڵكی گشتیی شارەداری بە شێوەی ناقانوونی بە نزیكانی ئەم ناوەندە لە شواری شاری تاران و هێندێك لە نوێنەرانی مەجلیس چەند نموونە لە دوایین گەندەڵییە ماڵی و ئابوورییەکانن کە لە، دواییانەدا لەقاو دراون.