لە شارەکانی کرماشان، سنە و کەنگاوەر جەند کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیدەربرین بەڕێوەچوون.
ڕۆژی چوارشەممە، ١٠ی خەرمانان گرووپێک لە کارمەند و کرێکارانی شارەداریی ناوچەی یەکی کرماشان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە دواکەوتنی موچەی شەش مانگیان لە بەرەم شارەداری لە چوارڕێیانی ئاگرکووژێنەوە کۆبوونەوە.
هاوکات پۆلێک لە پەرەستارەکانی نەخۆشخانەی تاڵەقانی کە ئەوانیش ماوەی شەش مانگە مافی کارانەیان نەدراوەتێ، لە بەردەم ئەو نەخۆشخانە لە بڵواری بەهەشتی کۆبوونەوە و داوای مافەکانی خۆیان کرد.
هەواڵەکان لە کرماشان باس لەوە دەکەن کە حەقی شیفتی سێ مانگی کارمەندەکانی زانکۆی ئازادی کرماشان نەدراوە، بەو هۆیەوە کۆمەڵێک لەوان لە شوێنی زانکۆ لە شەهرەکی ژاندەرمێری کۆ بوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی.
هەمان ڕۆژ کۆمەڵە خەڵکێک کە مووچەی مانگانەیان لە رێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی وەردەگرن، بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بە تێنەکردنی مووچەی مانگی گەلاوێژیان و هەروەها زیادکردنی مووچەی مانگانیان کە لە سەرەتای ساڵەوە دواکەوتووە، لە شوێنی ئەو ئیدارەیە لە شەقامی سەنجابی کۆبوونەوە.
هەمان ڕۆژ کارمەندەکانی مانگی سووری شاری سنەش کە ماوەی سێ مانگە مووچەیان نەدراوەتێ، لە شوێنی ئەو ئیدارەیە بەرامبەر مزگەتی جامیعەی سنە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان بەو دۆخە دەربڕی.
لە شاری کەنگاوەریش کۆمەڵێک لە شۆفیر تاکسییەکان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە پێنەدانی کارتی شاری لەلایەن رێکخراوی تاکسیڕانی، لە شوێنی ئەو ڕێکخراوەیە لە مەیدانی عێڕاقی کۆبوونەوە.