کرێکارانی شارەداریی سەردەشت زیاتر لە ٦ مانگە مووچەیان نەدراوەتێ.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێری کوردستان و کورد بارودۆخی شۆفیری ماشینەکان لە کرێکاران خراپتر نەبێ باشتر نییە و ئی وایان تێدا نیزیک بە ٨ مانگە هیچی وەرنەگرتوە.
یەکێک لەو کرێکارانە دەڵێ بە تەمان بە دژی ئەو وەزعەی بۆیان دروست بووە مان بگرن، بەڵام زۆربەی کرێکاران کە گرێبەستی یان ڕۆژکارن، لە ترسی دەرکرانیان و لە کیسچوونی ئەو هەلە کارییەی هەیانە ناوێرن ناڕەزایەتی دەرببڕن.
کرێکارێکی دیکە کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێ گوتی ماوەی سێ مانگە وەک کرێکاری ڕۆژکار لە بەشی فەزای سەوزدا دامەزراوم و لە سێ مانگەدا چاوم بە تمەنێک نەکەوتوە.
ئەو لە درێژەدا گوتی چەند کەس وەک نوێنەر لەلایەن ئێمەوە لەگەڵ مەحموودزادە، نوێنەری مەهاباد لە مەجلیس دانیشتوون و سەردانی فەرمانداریشیان کردوە و کێشەکانیان لەگەڵ باس کردوون، بەڵام ئەو هەوڵانەش تا ئێستا بێ ئاکام بوون.