١٠ ئێرانی و ئەفغانیی دیکە كە یەكیان فەرماندەیەكی پلەبەرزی سپای پاسدارانە لە وڵاتی سووریە و لە شەڕی نێوخۆیی ئەو وڵاتە لە پارێزگای حەلەب كوژران.
هەواڵدەریی فارس ڕۆژی ڕابردوو ڕایگەیاند كە پاسدار ئەحمەد غوڵامی فەرماندەی لەشكری ١٠ی سەیدئەلشۆهەدا كوژراوە، بەڵام جارێكی دیكە ئەم هەواڵەی گەرم كردەوە و ڕایگەیاند كە ناوبراو نەكوژراوە، بەڵام لە حاڵەتی كۆما دایە.
لەلایەکی دیکەوە جەنازەی مستەفا ڕەشیدپوور لە ئەندامانی پلە بەرزی سپای پاسدارانیش ڕۆژی چوارشەممە لە شاری ئەهواز نێژراوە و جەنازەی ٦ كەسی دیكەی ئێرانی بەڕێی شاری قوم کراون و هەروەها ٢ ئەفغانیی دانیشتووی ئێران بە ناوەکانی ڕەزا ڕەحیمی و مستەفا مورادی کە لەم دواییانە کوژراون، ڕۆژی ڕابردوو لە شاری مەشهەد نێژران.
ئامارە ڕەسمییەکانی سەر بە سپای پاسداران دەڵێن کە ژمارەی كوژراوانی ئێران لە شەڕی نێوخۆیی سووریەدا لانیكەم ١٣٢٠ كەس بووە کە زیاتر لە سەدی ٥٠ی ئەم كەسانە ئەفغانی و پاكستانیی دانیشتووی ئێرانن كە لە لەشكری “فاتمیون” و تیپی “زەینەبیون”ی سەربە سپای پاسداراندا سازماندەیی كراون. ئەندامانی ئەو دوو لەشکەرە دوای کوژرانیان بەڕێی ئێران دەکرێنەوە و لەو وڵاتە دەنێژرێن.