دوای شەهاب نادری، نوێنەری پاوە لە مەجلیس، ئەمجارەیان نوێنەری شارەكانی سەقز و بانە لە مەجلیس لە پێوەندی لەگەڵ هەڵسوكەوتی توند و تیژ لەگەڵ كۆڵبەران و کوشتاری ڕۆژانەیان ڕەخنەی لە هێزە ئینتیزامییەکان گرت.
ئەو گوتی، بەگژداچوونەوەی قاچاخ جێی خۆی بە كوشتنی كۆڵبەران و ئەسپەکانیان داوە.
نوێنەری خەڵكی شارەكانی سەقز و بانە لە مەجلیس وێڕای ڕەخنەگرتن لە شێوەی هەڵسوكەوتی هێزە ئینتیزامییەکان و ناوەندەکانی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ قاچاخ گوتی، وادیارە بە بەربەرەکانی لەگەڵ قاچاخ لە ئێران لە کوشتنی كۆڵبەراندا کورت کراوەتەوە، ڕەفتارێک کە ناقانوونییە.
بیگلەری گوتی ئابووریی ناوچە سنوورییەكان بەشێکی زۆری چالاكیی كۆڵبەرانە و ئەو ڕەفتارەی هێزە ئینتیزامییەکان لەگەڵ ئەوان و ئەسپەکانیان دەیکا نەک ناقانوونی، بەڵکوو نامرۆڤانەیە.
نوێنەری خەڵكی شارەكانی سەقز و بانە لە درێژەدا گوتی: پێشتر ئەسپ و وڵاغەکانی كاسبکاران دەستیان بەسەردا دەگیرا و پێیان دەفرۆشترانەوە، بەڵام ئێستا ئەم ئاژەڵە بێتاوانانە ڕاستەوخۆ دەدرێنە بەر ڕێژنەی گوللە و دەكوژرێن و ئەمە دژی هەر چەشنە سیاسەتێكە.
ئەندامی كۆمیسیۆنی بەرنامە و بوودجەی مەجلیس وەبیری هێنایەوە كە دەبێ قانوونێك هەبێ تا لە ناوچە سنوورییەکان كاڵای ڕێگەپێدراو بەم ئاژەڵانە بگوازرێتەوە و هەروەها پێداچوونەوەش بە هەڵسوكەوت لەگەڵ ئەم كۆڵبەرانەدا بكرێ.
شایانی باسە بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان تەنیا لە ماوەی پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ٦٢ كۆڵبەری كورد لە ناوچە سنوورییەكانی کوردستان بە تەقەی ھێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون و بریندار بوون، ئەوە لە كاتێك دایە كە تا ئێستا لە دەزگای قەزاییدا هیچ پەروەندەیەک بۆ بەدواداچوون بەو کوشتارەھیچ ناوەندێكی دادوەری ئێران چ سەر بە سوپای پاسداران و چ ھێزەكانی پۆلیسی ئەو وڵاتە بەرپرسیاریەتی ئەو ئامارەی وەئەستۆ نەگرتووە.