ڕۆژنامەی ئاوێنە لە تازەترین ژمارەی خۆیدا وتووێژێکی لەگەڵ کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان پێک هێناوە و ڕای بەڕێزیانی لە پێوەندی لەگەڵ گۆڕانکارییە نوێیەکان لە کوردستان و ئێران پرسیوە.
ئەوەی خوارەوە دەقی ئەو تووێژەیە:
ئاوێنە: لهو دۆخه سیاسیهی رۆژههلات كه خوی له نهبوونی چالاكی ههمه چهشن دهبینیتهوه حزبهكانی رۆژههڵات تا چهنده بهرپرسن؟
عەزیزی: پێشەکی، سەرەڕای زەخت و فشار و و دەسەڵاتی قورسی ئەمنیەتی کۆماری ئیسلامی، دیسان هەوڵ و تێکۆشان و خەباتی مەدەنی کەم و زۆر لە نێوەخۆی وڵاتدا بەردەوامە، کۆمەڵانی خەڵک بە شێوازی جۆراوجۆر هەوڵ دەدەن بێ تەفاوەت نەبن و دەرفەتەکان بقۆزنەوە و بە پێی ئیمکان کەڵکیان لێوەرگرن. بێ گومان لێک دابڕانەکان و یەکتر قەبووڵ نەکردن و تەنانەت جوابەجەنگی و دمەتەقەی ناپێویستی حیزبەکان لەگەڵ یەکتر بۆتە هۆی ئەوە زەرەر بە ئیعتبار و وەزنی سیاسی ئێمە بگەیەنێ . هیوادارم بە هەست کردن بە بەرپرساییەتی میللی بە یەکەوە ئەو قۆناخە تێپەڕ بکەین.
ئاوێنە: سود و زیانهكانی نیشتهجی بونی حیزبهكانی رۆژههڵات له باشور بۆ خهباتی كوردی رۆژههڵات چ بووه؟
عەزیزی: ئێمە لەڕوی مەجبووری و بێ دەرەتانی دەیان ساڵە لە باشووری کوردستانین، بۆیە سوودی ئەو نیشتەجێ بوونە هەر ئەوە بووە کە خۆمان رابگرین و بە پێی توانا کاری خۆمان بکەین، ئەو شێوە ژیانە سیاسییەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە ئێمەی بە گشتی لە چاوەڕوانیدا هێشتۆتەوە زەرەر و زیانی بۆ حیزبەکان زۆر زۆر بووە. دەوری عەمەلی ئێمە و لە نێو خەڵک دانەبوون بۆ حیزبەکانی رۆژهەڵات شوێنەواری زۆر خەراپی سیاسی ، حیزبی و تەنانەت کولتوری حیزبایەتی لێکەوتۆتەوە. لەسەریەک ئەو رەوشە خەراپەی ژیانی حیزبایەتی و بەربڵاوییە بۆتە هۆی ئەوە کە جوڵانەوی کوردی ئێران یەک دەست و قورس و قایم دەر نەکەوێ و بەوجۆرە کۆدەنگی و لێک حاڵی بوون بۆ پاڵ پشتی پێویست و هەمە لایەنە بۆ خەبات و چالاکی خەڵکی نێوخۆی وڵات لە گۆڕی دانەبێ.
ئاوێنە: له ساڵانی رابردوو زور قسهت له سهر پێویستی كۆمەڵگای مهدهنی له رۆژههڵات كردوه، پپت وایه كۆمهڵگای مهدهنی رۆژههت له نهبوونی حزبهكان دهتوانن رۆڵێك بگێرن ؟
عەزیزی: هەمیشە رام گەیاندووە خەڵکی نێوخۆی وڵات نابێ چاوەڕوانی چارەسەری کێشە و ناکۆکی حیزبەکان بن. لەبەر ئەوەی هۆی سەرەکی لەت بوون و لێک ترازانەکان پێوەندی بە شێوازی خەبات و سیاسەت و شتی وا نەبووە. دەبێ خۆیان بەردەوام لە دەرفەتەکان کەڵک وەرگرن و تێبکۆشن خەبات و جم و جۆڵی مەدەنی لە نێو خۆیاندا بکەن بە عادەت و کولتور. بە خۆشێوە شعوری سیاسی و کولتوری خەڵک کوردستانی ئێران لە گەشە دایە و ئەزموونی چەند ساڵی ڕابردوو دەری خستووە کە سەرەڕای کەند و کۆسپ و ئاستەنگ، هەوڵ و تێکۆشانی چالاکوانانی مەدەنی دیار و بەر چاوە. بۆیە ئەوان دەتوانن ڕۆڵ و دەوریان هەبێ و من لە بارەوە گەش بینم.
ئاوێنە: له دیمانهكانت ههست به جیاوازی روانینت به نیسبهت حیزبهكانیترهوه بهرامبهر به خهباتی كوردی له رۆژههڵات دهكرێ، به جۆریك رهخنهگرانت بهوه تۆمهتبارت دهكهن كه ئومێد به گۆڕانكاری لای ئێوه نهماوه بۆیه رهخنه له دۆخی خهباتی سیاسی رۆژههڵات دهگرن؟ ئایا ئۆمیدێك به گۆڕانكای گهوره بێ بهشداری حیزبهكانی ئۆپۆزیسیون ههیه له ئێران و كوردستان ؟
عەزیزی: ئومێد بە دروشم و توڕەیی دروست نابێ، گرفتی سەرەکی حیزبەکانی رۆژهەڵات ئەوەیە بە گشتی و بە راشکاوی شەهامەتی ئەوەمان نییە خەسارناسی دەیان ساڵەی ڕابردووی خۆمان بکەین و پرسیار لە خۆمان بکەین بۆ توشی ئەو چارەنووسە نەخوازراوە هاتوین و بۆ دەرباز بوون لەو وەزعە چمان بۆ دەکرێ و چمان بۆ ناکرێ. لەسەریەک ئێمە بووینەتە بارمتەی کێشە و ناکۆکی نێوخۆیی حیزبەکان. بۆیە لە کەش و هەوایەکی ئەو جۆرەدا ئەو باسانەی کە من لە چەند مانگی رابردوودا باسم لێکردوون بە داخەوە وەک زەمینەیەک بۆ دۆزینەوەی ڕیگا چارە سەیری ناکرێ، هەر لایەنەی بە پێی بەرژەوەندی حیزبی و کێبەرکێی حیزبی خویندنەوەی بۆ دەکات. ئۆپۆزسیۆنی ئێران بە کورد و غەیرە کورد ئیستعداد و ئامادەگی ئەویان نییە پێدا چونەوە بە سیاسەت و خوێندنەوەی خۆیان لە مێژوی ٣٧ ساڵەی کێشە و خەبات و تێکۆشانی خۆیان بکەن. بە داخەوە ئۆپۆزسیۆنی ئێران و تا رادەیەک حیزبە کوردییەکانیش لە جیاتی کارکردن بۆ دروستکردنی کۆدەنگی و بەدیلسازی لە دژی کۆماری ئیسلامی، زۆرتر سەرگەرمی دروشم دان و دەمە چەقە و یەکتر شکاندنن.
ئاوێنە: ئایا حیزبهكانی رۆژههڵات توانای ئهوهیان تێدایه پرسی كورد له ئێران وهك پرسێكی زیندوو بهیڵنهوه نههێڵن بكهوێته پهراوێزی پرسی تر له ناوچهكه؟
عەزیزی: لە بەر ئەوەی کێشەی کورد سروشتی تایبەتی خۆی هەیە، بە مەرجێک جۆرێک لێک تێگەیشتن و هاوکاری و کۆدەنگی لە نێوان حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە گؤڕیدا بێ، ئێمە دەتوانین هەم لە ئاستی نێوخۆی وڵات و هەم لە ئاستی ناوچەیی و جیهانی، پرسی کوردی ئێران زیندوو ڕابگرین و نەهێلین کۆماری ئیسلامی زۆر بە ئاسانی لە پەراوێزمان بخات.
ئاوێنە: ئایا ئۆمیدێك ههیه به یهكگرتنهوهی ههر دوو حزبی دیموكرات؟
عەزیزی: پڕۆسەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان دوو قۆناخی تێپەڕاند. قۆناخی یەکەم عادی بونەوەی هاتوچۆ و پێوەندییەکان وئاڵ و گۆڕی بیر و ڕا و تا ڕادەیەک پێس وەچونیشی بە خۆیەوە بینی، بەڵام لە گەرمەی ئەو پرۆسەیەدا لایەنی سکرتێری حدکا، بە بڵاو کردنەوەی کتێبێک و باسکردنەوەی دووبارەی کێشەکانی پێشوو، بە داخەوە ئەو پڕۆسەیان لەبار برد. سەرەڕای ئەوە سەروبەندی کۆنگرەی ئێمە بە ئاڵوگۆڕ کردنی پەیام بۆ یەکتر، ئۆمیدی ئەوە دەکرا کە پڕۆسەکە دەست پێ بکاتەوە. بەڵام بەداخەوە لە چەند مانگی ڕابردوودا دیسان لایەنی حدکا بە دانی بەیانیە و قسەکردن لە دژی ئێمە بۆ جاری دووهەم بە کردەوە ئەو پڕۆسەیان بە شکست گەیاند. بەڵام من ئێستاش لەو باوەڕدام نابێ کۆڵ بدەین و دەبێ وتووێژەکان دەست پێ بکەینەوە
ئاوێنە: باڵا دهستی ئێران له هەرێمی كوردستان چ رۆڵێكی ههبوه له سهر لاوازكردنی حزبهكانی رۆژهەڵات؟
عەزیزی: من پێموایە هەرێمی کوردستان خۆیان باڵادەستن و ئێران باڵا دەست نییە، بەڵام بێ گومان ئێران لە هەموی عێراق و کوردستانیش بە دوای بەرژەوەندییەکانی خۆیدا دەگەڕێ و کێشە و ناکۆکییەکانی بە قازانجی خۆی دەقۆزێتەوە. هۆی سەرەکی لاواز بوونی حیزبەکانی رۆژهەڵات خۆمانین، بە داخەوە ئێمە چەند ساڵە لە بازنەی کێشە و ناکۆکییەکاندا دەخولێینەوە و گیرمان کردووە و وزە و تواناکانمان زۆر سەرفی ئەوە دەکەین.
ئاوێنە: ئهو پاساوه تا چهنده به مهنتهقی دهزانی كه ههندێ له حیزبهكانی رۆژههڵات دهڵێن ئێمه له بهر پاراستنی ههرێمی كوردستان خهباتی چهكداریمان له رۆژههڵات راگرتووه؟
عەزیزی: بێ گومان ئێمە ناتوانین بەرژوەندییەکانی هەرێم و پێوەندییەکانی ئەوان لەگەڵ ئێران نادیدە بگرین. تاکو ئێستاش تا رادەیەکی زۆر ئەوەمان لەبەر چاو بووە. دەبێ لە چوارچێوەی ئێران و وەزعی رۆژهەڵاتی کوردستاندا لایەنی باش و خەراپی چالاکی چەکداری بخەینە بەر باس و هەڵسەنگاندن. هەرێمی کوردستان دەخالەتی لە شێوازی خەباتی ئێمەدا نەکردووە و نای کەن، بەڵام هەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی بە ئێمە بڵێ لە خەبات و چالاکی چەکدارانەی خۆتاندا هەرێمی کوردستان مەکەن بە پشتی جبهە، بۆیە هەمو شێواز و مێتۆدەکانی خەباتی ئێمە دەبێ بە پێی هەڵسەنگاندن، زەمینە و پێداویستی ئەو جۆرە تێکۆشانانە لە نێوخۆی وڵات بێت.