ڕاوێژکاری ئەمنیەتی سەرۆک کۆماریی ئەمریکا و وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە باسیان لە نیگەرانییەکانی ئەمریکا لە جێگیرکردنی قەلغانی موشەکیی ئێس ٣٠٠ لە بنکەی ئەتومیی فەردۆ کرد.
بێن رۆدێز، ڕاوێژکاری ئەمنیەتی سەرۆک کۆماریی ئەمریکا لە پرێسکۆنفڕانسێکدا لە کۆشکی سپی لەو پێوەندییەدا گوتی ئێمە چەند جارمان داوا لە مۆسکۆ کرد ئەو سیستمە مووشەکییە نەدا بە ئێران، چونکی توانای مووشەکیی ئێرانی پێ بەهێز دەبێ و ئەوەش جێی نیگەرانییە.
بێن ڕۆدێز وێڕای باس لەوەی کە ڕادەستکردنی ئەو سیستمە مووشەکییە پێشێلکردنی بڕیارنامەکانی شوڕای ئەمنیەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووکان نییە، لەبارەی جێگرکردنیان لە بنکەی ئەتومیی فەردۆدا گوتی، ئێران پیتاندنی ئۆرانیۆم لەو ناوەندەی لە مێژە ڕاگرتوە و ئێمەش بە وردی چاوەدێریی رێککەوتنە ئەتومییەکەی نێوانمان لەگەڵ ئێراندا دەکەین.
تەلەڤیزیۆنی دەوڵەتیی ئێران شەوی رابردوو فیلمێکی لە دامەزرانی قەڵغانی موشەکیی ئێس ٣٠٠ لە نیزیک بنکەی ئەتومیی فەردۆدا بڵاو کردەوە.
لەلایەکی دیکە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەش باسی لە نیگەرانییەکانی واشنگتۆن سەبارەت بە فرۆشتنی چەکی پێشکەوتوو، یەک لەوان ئێس ٣٠٠ بە ئێران کردوە.
جان کێربی لە درێژەدا گوتی: ئێمە نیگەرانی ئەو بابەتەین، چونکی لە بنەڕەتدا لەگەڵ فڕۆشتنی ئەو چەکە پێشکەوتووانە بە ئێران نین.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێشتر گوتبووی کە ئەمریکا ڕەخنەی لە حاڵەتیی بەرگریبوونی ئەو سیستمە نییە، بەڵکوو نیگەرانییەکەی بەهۆی پێشکەوتووبوونی ئەو سیستمەیە، لەبەر ئەوەی چوونە سەرێی زەرفییەتی مووشەکیی ئێران نیگەرانیی ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا لە ناوچەی بەدوودا دێ